زووم:
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، شارەزایان پێشبینی دەکەن روسیا لە ماوەی پێنج بۆ هەشت ساڵی داهاتوودا هێرش بکاتەسەر وڵاتانی ئەوروپا.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی دێر تاگئێسسپێگلی ئەڵمانی، پیستۆریۆس هۆشداری داوە لە فراوانبوونی هێرشەکانی روسیا بۆ ئۆکراین و وڵاتانی دیکە.پیستۆریۆس گوتیشی، “زۆرجار گوێمان لە هەڕەشەکانی پوتین دەبێت، بۆیە دەبێت ئەو قسانە بە هەند وەربگرین بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناتۆ، رەنگە لە ئێستا نەبێ، بەڵام بە پێشبینی شارەزایانی وڵات، لە پێنج بۆ هەشت ساڵی داهاتوودا رووبدات.”
لەبارەى قسەکانی کارڵ ئۆسکار، وەزیری بەرگریی سوید کە گوتی “رەنگە شەڕ بەرۆکی سوید بگرێت”، پیستۆریۆس گوتی، رەنگە قسەکانی ئۆسکار لە روانگەی تێگەیشتن و نزیکی جوگرافیایی سوید بێت لە روسیاوە.
جەختیلەوەکردەوە، “دەبێت فێربین جارێکی دیکە لەگەڵ مەترسیدا بژین و خۆمان ئامادە بکەین لە ڕووی سەربازییەوە.”
هاوکات سێشەممەی رابردوو رۆژنامەی بیڵد ئاشکرایکرد کە حکومەتی ئەڵمانیا پلانێکی نهێنی ئامادەدەکات بۆ ئەگەری هێرشی روسیا، دەشڵێت، وەزارەتی بەرگری خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەگەری شەرێکی سەرتاسەری ئەوروپا .
بە شیکردنەوەی بیڵد کە پلانەکانی بینیوە، ئەو “سیناریۆی مەشقکردنە” کە حکومەتی ئەڵمانیا دایڕشتووە، پێشبینی کۆکردنەوەی سەربازانی روسیایە لە بێلاڕووس.