دەزگای منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف) رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەزە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، نزیکەی 20 هەزار منداڵ لە غەزە لەدایکبوون.
تێس ئینگرام، گوتەبێژی دەزگاکە دوای گەڕانەوەی لە سەردانێکی مەیدانی بۆ غەزە بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، هەزاران منداڵ لە “دۆخێکی باوەڕپێنەکراودا” لە غەزە لەدایکبوون.
تێس ئاشکرایکرد کە هەموو 10 خولەکێک منداڵێک لەو کەرتە لەدایکدەبێت و گوتی، “بوون بە دایک دەبێت ساتێک بێت بۆ ئاهەنگگێڕان، بەڵام لە غەزە کاتێکە کە منداڵێکی دیکەیە کە لە دۆزەخدا لەدایکبووە.”
ناوبراو باسی لە خوێنبەربوونی دایکان کردووە تا مردن، هەروەها پەرستارێک کە نەشتەرگەریی منداڵبوونی بەپەلەی بۆ شەش ژنی مردوو کردووە.
“بینینی منداڵە تازەلەدایکبووەکان کە ئازار دەچێژن، لەکاتێکدا هەندێک لە دایکان تا مردن خوێنیان لێدێت، پێویستە هەموومان لە شەودا بەئاگا بێت”، تێس ئینگرام وای گوت, ئەو جەختی لەسەر پێویستی بەپەلە کردەوەی نێودەوڵەتی کردەوە.
لە جەنگی غەزەدا و بەهۆی بۆردومانی چڕی ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا 24,762 هاوڵاتی کوژراون کە 70%ـیان ژن و منداڵ و بەتەمەن بوون، ئەوەش بەگوێرەی تەندروستیی غەزە.