زووم:
کڕینى خانووبەرە لە تورکیا لەلایەن کەسانى بیانییەوە لە ساڵی 2023دا بە رێژەی 48.1% کەمیکردووە بە بەراورد بە ساڵی 2022.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی دەستەی ئاماری تورکیا، لەکۆى ئەو خانووانەى لە ساڵى رابردوودا کڕدراون لە 2.9%ـى لەلایەن کەسانى بیانییەوە بووە کە دەکاتە 35 هەزار و 50 خانوو.
ویلایەتی ئەنتاڵیا، لە پێشەنگی لیستی ئەو ویلایەتانەی تورکیادایە کە زۆرترین خانووى لەلایەن بیانییەکانەوە تێدا کڕدراوە کە دەکاتە 12 هەزار و 702 خانوو، دواتر ئیستەنبوڵ بە 11 هەزار و 229 خانوو و مێرسین بە سێ هەزار و 16 خانوو پلەکانى دووەم و سێیەمیان گرتووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكەى دەستەی ئاماری تورکیا، هاوڵاتیانى روسیا لە پلەی یەکەمی ریزبەندی كڕینی خانووبەرەدان لە تورکیا و 10 هەزار و 560 موڵکیان کڕیوە، ئێرانییەکان لە پلەی دووەم دێن بە كڕینی چوار هەزار و 272 موڵک و دواتر عێراقییەکان بە كڕینی هەزار و 917 موڵک لە پلەی سێیەمدا دێن.
سەبارەت بە کۆی فرۆشی موڵک و خانووبەرە لە وڵاتەکەدا، لە ساڵی 2023 بە رێژەی 17.5% کەمیکردووە بەراورد بە ساڵی 2022، و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 225 هەزار و 926 خانوو.