زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
ئەلجەریدە
شەڕی ناوچەیی كە هەمووان خۆیان لێ دوور دەخستەوە، دەستیپێكرد
رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو دەریانخست، كە شەڕی ناوچەكە لە دوای ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا لە 7ی ئۆكتۆبەر و هێرشەكانی ئیسرائیلی بۆ سەر كەرتی غەزە، كە هەمووان هەوڵی خۆدزینەوەیان دەدا، لە ئێستاوە دەستی پێكردووە.
نوێبوونەوە و بەردەوامی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر حوسییەكان، كە بەڵێنی درێژەدانیان بە هێرشەكانییان داوە بۆ سەر كەشتییەكانی دەریای سوور، دواتر وەڵامدانەوەی پاكستان بۆ بۆردومانەكانی ئێران لە ناو خاكی وڵاتەكەیدا، بازنەی ململانێكانی زیاتر فراوانتر كردووە و نێوەندگیری نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ وەستاندنی پەرەسەندنی گرژییەكان دەكرێت، بەڵام پێدەچێت جەنگی ناوچەیی و گرژییەكان ئاڵۆزتربن وەك لەوەی چاوەڕواندەكرێت و ئەمجارە ئەو زلهێزانەش بێنە ناوەوە كە خاوەنی چەكی ئەتۆمن.
عەرەب
هاتنی پاكستان بۆ نێو یارییەكە رێساکانى ترس لە ئێران دەگۆڕێت
پاكستان بە خێرایی وەڵامی هێرشی ئێرانییەكانی دایەوە كە بۆسەر وڵاتەكەی ئەنجامیدابوو، ئەوەش بە دژە هێرش بۆ سەر ئەو پێگە و گروپە چەكدارییانەی تاران.
ئاماژەیەكیشە بۆ ئەوەی كە هاتنە ناوەوەی ئیسلام ئاباد بۆ ناو یارییەكە، رێسای ترس و تۆقاندنەكانی ئێران لە ناوچەكەدا دەگۆڕێت.
ئێرانییەكان سوودێكی زۆریان لە سەرلێشێواویی ئیدارە یەك لە دوای یەكەكانی ئەمریكا وەرگرت، كە هانی دان بۆ دەستوەردان لە چەند وڵاتێكی ناوچەكەدا، چ راستەوخۆ یان لە رێگەی بریكارەكانییەوە.
هێرش و بۆردومانەكانی سوپای پاسداران، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەنجامیان دا و چەند شوێنێكیان لە هەرێمی كوردستانی عێراق كردە ئامانج، دەركەوت كە ئێران گوێدانە سەروەری وڵاتانی ناوچەكە مامەڵە دەكات، بەتایبەتی دوای فراوانبوونی بازنەی دەستێوەردانەكانی تاران و جەنگی بە وەكالەت كە لە عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان پیادەی دەكات.
قودس
ژمارەی شەهیدان لە كەرتی غەزە نزیکدەبێتەوە لە 25 هەزار و گەڕەكەكانی “خان یونس”ـیش وێران دەكرێت
ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانەكانی بۆسەر كەرتی غەزە و ژمارەیەكی نوێ شەهید و برینداری لێكەوتەوە، بەهۆی بۆردومانەكانی خان یونس-ەوە، ئیسرائیل كۆمەڵكوژیی تازە و وێرانەی دیكەی لەو كەرتە ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەزە، لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، 24 هەزار و 620 کەس لە کەرتى غەزە کوژراون و 61 هەزار و 830 کەسیش برینداربوون.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، ئیسرائیل لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 15 كۆمەڵكوژیی لە كەرتی غەزە ئەنجامداوە، كە 172 کوژراو و 326 برینداری لێكەوتووەتەوە.
شەرقولئەوسەت
بەرپرسێكی باڵای ئەمنی پاكستان: سوپای پاكستان لە ئامادەباشی تەواودایە و رووبەڕووی هەر سەركێشییەك دەبێتەوە كە ئێران ئەنجامی بدات
دوای هێرشەكەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر پاكستان، هێرشەكانی دوێنێی پاكستانیش بۆ سەر ئەو شوێنەی كە ناویلێنابوو “پەناگەی تیرۆریستی” لە پارێزگای بەلوچستانی ئێران، گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی زیاد كردووە و بانگەوازی دەرەكیش دەكرێت بۆ راگرتنی پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ.
سوپای پاكستان رایگەیاند كە بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك و چەكی دیكە، هێرشیان كردووەتە سەر دوو گروپی تیرۆریستی “سوپای رزگاریخوازی بەلوچستان” و “بەرەی رزگاریخوازی بەلوچستان”لە ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی پاكستان دەڵێت، ئیسلام ئاباد بە تەواوی رێز لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێت، جەختی لەوە كردەوە كە “ناتوانرێت سازش لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندیی نەتەوەیی پاكستان بكرێت”.
بەرپرسێكی باڵای ئەمنی پاكستانیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، سوپای پاكستان لە ئامادەباشییەكی زۆردایە و رووبەڕووی هەر سەركێشییەك دەبێتەوە كە ئێران ئەنجامی بدات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
-وڵاتە عەرەبییەکان کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس
وڵاتە عەرەبییەکان دەستپێشخەرییەکیان هەیە بۆ وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکانی هەردوولا، وەک هەنگاوێک بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا.
دەیلی تەلەگراف
-ناتۆ: رەنگە ململانێکانی بیست ساڵی ئایندە لەگەڵ روسیا بەشێوەیەک بن، ژیان بگۆڕن
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکى روسیا بودجەی سوپاکەی بۆ سێ هێندەی بڕی ئێستا زیادکردووە، ناتۆش هاوڵاتیانی خۆی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی رەنگە ململانێکانی بیست ساڵی ئایندە بەشێوەیەک بن، کە ژیان بگۆڕن.
عەرەب نیوز
-لە پاش هێرشەکانى ئێران بۆسەر خاکی پاکستان، ناکۆکى دیبلۆماسى لەنێوان هەردوو وڵات سەریهەڵداوە
-پاکستان لە پاش هێرشەکانى ئێران باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگ کردووەتەوە
گاردیەن
-نەتانیاهۆ: لە پاش شەڕی غەزەوە، ئیتر دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینی قبوڵ ناکەین
بنیامین ناتانیاهۆ بە بایدن و کۆشکی سپی گوتووە، لە پاش کۆتاییهاتنی هێرشەکانیان لە غەزە، هەموو جموجوڵێک بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی رەتدەکەنەوە، لەمەودوا دەبێت سوپای ئیسرائیل ئاسایشی هەموو ناوچەی کەناری رۆژئاوای روباری ئوردن بپارێزێت.