زووم؛
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید شەوکەت حاجی موشیر لە قەزای سەیدسادق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بایکۆتی دەوامیان کردووە.
ئەیوب جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید شەوکەت حاجی موشیر بە زوومی راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانەکەیان بایکۆتی کارەکانیان کردووە و بابەتەکەش پەیوەندیی بە دابەشنەکردنی مووچەوە هەیە.
ئەو گوتی، بایکۆتی ئەو پزیشکانە کاریگەریی زۆری لەسەر نەخۆشخانەکەیان دەبێت، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو پەیوەندیی راستەوخۆیان بە نەخۆشەوە هەیە و لەکاتی رووداوەکان دەچنە سەر قوربانییەکان و لەنێو نەخۆشخانەکانیش نەخۆشەکان پێش پزیشکی پسپۆڕ ئەوان دەبینن.
بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە کاتێکدایە، هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، هەرچەندە سەرەتای ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 618 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستاندا، بەڵام تائێستا ئەو پارەیە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.