زووم:
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بڵاوکردەوە و بەبێ ئەوەی ناوی هەولێر و هەرێمی کوردستان بهێنێت، دەڵێت، “نیگەرانن لە هێرشەکە”.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، نیگەرانن لە پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە، کە بە هێرشەکەی ئێران دژی ئامانجەکانی لە عێراق دەستیپێکرد و بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی لە ناوخۆی پاکستان فراوان بوون، هەروەها نیگەرانن لەو هەڵچوونە گەورەیەی لە ئاکامی هێرشەکەی بەیانیی ئەمڕۆی پاکستان بۆ سەر ئامانجەکانی لە ئێران روویاندا.
دەشڵێت، چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتنی دوولایەنە لە سەروەری و سەلامەتیی هەرێمی و تێگەیشتنی دۆستایەتی و برایەتی بەدی دێت، هیواشی خواست سەرجەم دۆسیەکان بە گفتوگۆ و هاریکاریی و بەبێ هەڕەشەی زیاتر لە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتیی کۆتاییان پێبێت، هەروەها داواشی لە ئێران و عێراق و پاکستان کرد، دانبەخۆیاندا بگرن و بە حەکیمانە رەفتار بکەن.