زووم:
بیڵ گەیتس، لەبارەی زیرەکیی دەستکرد و سوودەکانیەوە، پێچەوانەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بیردەکاتەوە، دامەزرێنەرەکەی ماکرۆسۆفت لەوبارەیەوە ئەرێنیتر لە تەکنەلۆژیا تازەکە دەڕوانێت.
زیرەکیی دەستکرد ژیان ئاسانتر دەکات
گەیتس پێشبینی دەکات، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا زیرەکیی دەستکرد گۆڕانکاری لە ژیانی هەموواندا بکات، کارەکانمان ئاسانتر بکات، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵی و پزیشکیدا.
گەیتس پێیوایە، هێندەی ئەگەری مەترسیداریی زیرەکیی دەستکرد، دەکرێت هێندەش ئاسانکار و مژدە بێت بۆ مرۆڤایەتی.
دامەزرێنەرەکەی ماکرۆسۆفت ئەو تێڕوانینانەی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نوسەر و رۆژنامەنووس فەرید زەکەریا لە کەناڵی CNN راگەیاندووە، دەڵێت، مێژوو سەلماندوویەتی لەگەڵ هەر داهێنانێکی تازەی تەکنەلۆژی، دەرفەتی تازە دێتە پێشەوە.
نموونەی ئەوە دێنێتەوە، لە ساڵانی 1900 دەگوترا ئەگەر ئامێرە تازەکان بێن، ئیتر خەڵک چۆن کاری کشتوکاڵی و مەڕداری بکات؟ بەڵام دواتر دەرکەوت هەموو ئەو پێشکەوتنانە رێژەی بەرهەمی زیاتر کرد، نەک کەمی بکات، بەمەش خەڵکێکی زیاتر کەوتنە سەر کار و ئامێر و کارگەکان هەلی کاریان زیاتر کرد.
بۆیە گەیتس دەڵێت، زیرەکیی دەستکرد ژیان ئاسانتر دەکات، بەتایبەت لە یارمەتیدانی پزیشکان بۆ ئەنجامدانی کاروبارەکانیان و یارمەتیدانی جوتیاران لە بەرهەمهێنان و زیاترکردنی بەروبوومەکانیان .
ئەم تێگەیشتنانەی بیڵ گەیتس، پێچەوانەی تێگەیشتنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییە، کە پێیوایە زیرەکیی دەستکرد مەترسیدارە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاترە لە ئەرێنییەکان.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی تازەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبارەی کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکردەوە، سندوقەکە پێیوایە بەهۆی پێشکەوتنی زیرەکیی دەستکردەوە رێژەی بێکاری لە جیهاندا 40% زیاتردەبێت، واتا ژمارەی کارمەندان بەو رێژەیە کەمدەبێتەوە و زیرەکیی دەستکرد جێیان دەگرێتەوە.