زووم:
ئێران بەلووچەکانی پاکستانی کردەئامانج، پاکستانیش لە وەڵامدا، بەلووچەکانی ئێرانی بۆردومان کرد، بۆیە جیاواز لە بابەتی تۆڵەکردنەوە و هێرشی پیچەوانە بۆسەر سەروەریی دوو وڵات، بابەتی بەلووچەکانی جارێکی دیکە هاتەوە ناو باس.
بەلۆچستان ھەرێمێکی جوگرافییە کە لە ڕۆژاواوە بەسەر ئێران، لە باکوورەوە بەسەر ئەفغانستان و لە ڕۆژھەڵاتەوە بەسەر پاکستاندا دابەشکراوە، هاوشێوەی کورد کە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە.
دابەشبوونی مێژوویی گەلی بەلوچستان لە رێگەی رێککەوتنی گۆڵدسمید لە ساڵی 1871 بووە بەسەر ئەو وڵاتانەدا کە بووهۆی دەستپێکردنی خەباتێک کە زیاتر لە 150 ساڵە درێژەی هەیە.
ئەم دابەشبوونە کاریگەری قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر کۆمەڵگەی بەلووچ داناوە و لە هەریەکێک لەو سێ وڵاتەدا، بەلووچستان رووبەڕووی ئاستەنگی تایبەت بە خۆی بووەتەوە.
بەلووچییەکان بە 10 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن و بەسەر زیاتر لە 130 هۆزدا دابەش بوون و زۆرینەیان موسڵمانی سوننەن.
لە ئەفغانستان زیاتر لە ملیۆنێک، لە ئێران نزیکەی سێ ملیۆن و لە پاکستان زیاتر لە شەش ملیۆن بەلووچ هەن، لە ئێران و پاکستان دوو پارێزگای گەورە بەناوی بەلووچستان هەیە کە زۆربەی بەلووچەکان لەو دوو پارێزگایەن بەڵام بەلووچەکانی ئەفغانستان لە دوو پارێزگای هیلمەند و فەراه نیشتەجێن.
بزووتنەوەی رزگاریخوازی بەلووچەکان لە چوارچێوەی چەندین گروپ و حزبدا لە داواکاریی ئۆتۆنۆمییەوە تا سەربەخۆیی، هەوڵ دەدات چارەسەری نیگەرانییەکانی ئەو گەلە بکات کە هەست بە پەراوێزخستن دەکەن لەناو حکومەتە نەتەوەییە گەورەکاندا، خەڵکێک کە هیچ وڵات و هەرێمێکی سەربەخۆ و ناسنامەیەکی سیاسیان نییە و زمانەکەیان بە فەرمی ناناسرێت.
گەلی بەلوچ سەرەڕای سەرکوت و نکۆڵیەکان توانیویانە ناسنامەی کولتووری ناوازەی خۆیان بپارێزن. ئەدەب، هونەر، مۆسیقا و نەریتە بەلووچییەکان وەک هێزی یەکگرتن بۆ کۆمەڵگا کاردەکەن و بەردەوامن لە گەشەکردن، کێشەی بەلوچستان وەک ململانێیەکی بەردەوام لە نێوان گەلی بەلوچ و حکومەتەکانی پاکستان، ئێران و ئەفغانستان ماوەتەوە.
ئێستاش ناکۆکی ئێران و پاکستان و بۆردومانی ئەو دوو وڵاتە لە لایەن یەکترەوە هەر لە خاکی بەلووچەکان روودەدات و هەموو قوربانیەکانی ئەو ململانێیە خەڵکی مەدەنی و ژنان و منداڵانی بەلووچن.