زووم:
ئەگەرچی هێرشەکەی پاکستان بۆسەر ئێران زیاتر العین بالعین بوو تاوەکو لێدان لە گرووپێکی چەکداریی بەرهەڵستکار، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە جەختیکردەوە کە بارەگاکانی سوپای تەحریری بەلووچستانیان کردووەتەئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، چەند هێرشێکی ئاسمانییان بۆسەر بارەگاکانی سوپای تەحریری بەلووچستان لە شارۆچکەی سنوریی سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ئەنجام داوە کە هەندێکجاریش بە سوپای نیشتمانیی بەلووچستان ناسراون.
سوپای تەحریری بەلووچستان گرووپێکی چەکداریی جوداخوازە، ساڵی 2022 لە ئەنجامی یەکگرتنی چەند گرووپێکی چەکداری بە تایبەت سوپای بەلووچستانی کۆماری و سوپای بەلووچستانی یەکگرتوو درووستبوو، داوای سەربەخۆیی بۆ گەل و هەرێمی بەلووچستانی پاکستان.
لە پاکستان و ئەمریکا و بەریتانیا، سوپای تەحریری بەلووچستان بە رێکخراوێکی تیرۆرستی ناسێنراوە و بەرپرسیارە لە زنجیرەیەک هێرش و تەقینەوە، چەکدارەکانی بە درێژایی سنورەکانی پاکستان لەگەڵ ئێراندا بڵاوبوونەتەوە.
یەکێک لە دیاریترین هێرشەکانی ئەو گرووپە، هێرشەکەی 20ی کانوونی دوومی 2022 بوو کە کردیانەسەر شاری لاهور لە پاکستان و بووەهۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە، ئەمە پێشهاتێکی گەورەبوو، چونکە پێش ئەم هێرشە زۆرترین چالاکییە چەکدارییەکانی سوپاکە ناوخۆیی بوو لەدژی هێزەکانی پاکستان لە بەلووچستان و هەرێمی سەنەدی دراوسێی.
لە شوباتی 2022، گرووپەکە لە ناوچەکانی بانگۆر و ناوشکی لە پاکستان بە یارمەتی چەند بزوتنەوەیەکی دیکەی بەلووچی هێرشیان کردەسەر پاسەوانی سنوریی پاکستان لە بەلووچستانی ئەو وڵاتە.
لە روانگەی ئەو گرووپەوە، پاکستان هەرێمی بەلووچستانی داگیرکردووە و سەرچاوە سروشتییەکانی دەبات و بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەشی دەکات، هاوکات جیاکاری بەرامبەر دانیشتووانی رەسەنی بەلوچ دەکات لە پێدانی هەلی کار و پۆستە حکومییەکان.
پاکستان پێیوایە چالاکییەکانی سوپای تەحریر دژی پاکستان لەلایەن وڵاتانی دەرەکییەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، بەتایبەت هندستان و ئێران و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان.