زووم:
لە بەرامبەر ھەر قوتویەکی دەرمان کە دەدرێت بە دیلێکی ئیسرائیل لە ژێر دەستی حەماس، ھەزار قوتو بۆ فەڵەستینییەکان دابین دەکرێت، ئەمە یەکێک لە مەرجەکانی بزووتنەوەی حەماسە، لەو ڕێکەوتنە مرۆیەی دوێنێ بە نێوەندگیری قەتەر چووەبواری جێبەجێکردنەوە.
چیرۆکی دەستپێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، وەکو موستەفا مەرزوق یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس باسی دەکات بەمشێوەیە بووە.
خاچی سوری نێودەوڵەتی داوای ئەوەی کردووە دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ دیلەکانی ژێردەستی حەماس لە غەزە دابین بکات.
داواکارییەکەی خاچی سوور خۆی لە ١٤٠ جۆر دەرمان بینیوەتەوە، بزووتنەوەی حەماسیش بە کۆمەڵێک مەرج ڕەزامەندی نیشانداوە، کە وەکو ئەو بەرپرسەی حەماس دەڵێت، مەرجەکان بەمجۆرەیە.
ـ لە بەرامبەر دابینکردنی ھەر قوتویەک دەرمانی پزیشکی، پێویستە ھەزار قوتو بۆ فەڵەستینییەکان دابین بکرێت.
ـ بڕێکی زۆر لە خۆراک و پێدوایستی مرۆیی ڕەوانەی غەززە بکرێت.
ـ نابێت بەھیچ شێوەیەک سوپای ئیسرائیل پشکنین بۆ دەرمانەکان و ھاوکارییە مرۆییەکان بکات.
ـ دابینکردنی تەواوی ئەو داواکارییانەش، لە ڕێی وڵاتێکەوە دەبێت کە حەماس متمانەی پێی ھەیە
ھەروەھا پێداویستییە پزیشکییەکان لە چوار نەخۆشخانەی کەرتی غەززە دادەنرێت، بەشێوەیەک ھەموو ناوچەکان سودی لێ وەربگرن.
لە دوای گەڵاڵەکردنی ئەو ڕێککەوتنە، فەڕەنسا داوای کردووە، دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام بەوتەی ئەبومەرزوق، حەماس بەوە قایل نەبووە، لەبەرئەوەی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات.
لە بری فەڕەنسا، حەماس داوای لە میرنشینی قەتەر کردووە ئەو پێداویستیانە دابین بکات، لەبەرئەوەی متمانەی پێی ھەیە.
ئەم ڕێککەوتنە مرۆییە لە کاتێکدایە، بەھۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە، دوو ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار فەڵەستینی لە غەززە ئاوی خواردنەوە و خۆراک و سوتەمەنی و پێداویستی پزیشکیان نییە و ڕووبەڕووی برسێتێک بوونەتەوە، کە بە وتەی بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەر ئاستی جیھان وێنەی نییە.
ئەمە جگەلەوەی بەھۆی ئەو ھێرشانەوە کە لە نۆی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، زیاتر لە ٢٤ ھەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون و ٦١ ھەزار کەسی تر برینداربوون، کە زۆربەی ئەو قوربانیانە ژن و منداڵن.