زووم:
شەوی رابردوو دوای 11 کاتژمێر مشتومڕ و گەنگەشە، ئەنجومەنی نوێنەرانی بەریتانیا کە ژووری یەکەمی پەرلەمانی وڵاتەکەیە، پڕۆژەیاساکەی ریشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی لەبارەى ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا پەسەندکرد و رەوانەی ئەنجومەنی پیرانی کرد، بەڵام هێشتا چەند قۆناغێکی ماوە.
پڕۆژەیاساکە بۆ لابردنی ئەو بەربەستە یاساییانەیە کە لەدژی پلانی حکومەت بۆ ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکە بۆ رواندا دانراون. لە دەنگدانەکەی دوێنێ شەودا بەکۆی 320 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 276 دەنگی نەخێر پەسەندکرا و رەوانەی ئەنجومەنی پیرانی پەرلەمانی وڵاتەکە کرا.
پرۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا ناکۆکییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە چەند رۆژی رابردوودا لەناو خودی پارتەکەی سەرۆکوەزیراندا، کە پارتی پارێزگارانە، دەنگی ناڕەزایی سەریهەڵدا بەهۆی ئەوەی پێیانوابوو یاساکە کەموکوڕی تێدایە و دەبێت بەر لەوەی دەنگی لەسە بدرێت هەموار بکرێت و چاکبکرێت.
بەڵام ریشی سوناک پێیوایە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەبێتە هۆکارێک بۆئەوەی چیتر ئەوانەی نیازی کۆچکردن بۆ وڵاتەکەیان هەیە بە نایاسایی خۆیان نەگەیەننە ئەو وڵاتە.
بەڵام دەنگدانەکەی شەوی رابردوو کۆتایی رێگای یاساکە نییە، چونکە هێشتا دەبێت ئەنجومەنی پیران پێیدا بچێتەوە و دەنگی لەسەر بدات. ئەگەر لەوێ پەسەند نەکرێت، دووبارە دەنێردرێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و داوای هەموارکردنەوەی لێدەکرێت بۆ ئەوەی رووبەڕووی بەربەستە یاساییەکانی مافی مرۆڤ نەبێتەوە. ئەمەش یاساکە لاوازتر دەکات و ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا سەختتر دەکات.
ئەوەی پێشبینیش دەکرێت، یاساکە لە ئەنجومەنی پیراندا بەربەستی زۆری بۆ درووست ببێت و لەوێش یاساکە مشومڕی لەسەر بکرێت و هەموار بکرێت، چونکە وەک ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان پێکردووە “قورسترین یاسایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و ئاماژەی بەوەکردووە ئەگەر بە نایاسایی بێیت بۆ بەریتانیا ناتوانیت تیایدا بمێنیتەوە.”
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی رواندا رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادە نییە بۆ ئەوەی بچێتە ناو هیچ رێککەوتنێکەوە لەبارەی وەرگرتنی کۆچبەران، چونکە رواندا هیچ سەلامەت نییە وەک ئەوەی پرۆژەیاساکەی ریشی سوناک بانگەشەی بۆ دەکات.