زووم:
پاکستان نەیشهێت رۆژێک بەسەر دوو هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر خاکەکەی تێپەڕێت، بە حەوت هێرشی درۆنی وەڵامی دایەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاکستان چەند هێرشێکی ئاسمانی کردەسەر شارۆچکەی سنووریی سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و دەڵێت، چەند بنکە و بارەگایەکی سوپای ئازادیی بەلووچستانی کردووتەئامانج کە رێکخراوێکی چەکداریی جووداخوازن و ئامانجی سەرەکییان سەربەخۆییبوونی هەرێمی بەلووچستانە لە پاکستان.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەنراوەکەیدا لەبارەى هێرشەکەی بۆسەر خاکی ئێران، هەمان ئەو داڕشتنەی بەکارهێنا کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەکاریهێنا لە هێرشەکەی دوێنێی بۆسەر پاکستان.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هێرشەکان پشتیان بە زانیاریی هەواڵگریی ورد بەستووە و تێیدا چەند بنکەیەکی “گروپە تیرۆرستییەکانیان” بە ئامانجگرتووە، دەشڵێت، هێرشەکان بەرگریکردنە لە ئاسایشی پاکستان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان.
هاوشێوەی ئێران، پاکستانیش جەختیکردەوە کە رێز لە سەروەریی و یەکڕیزی خاکی ئێران دەگرن، بەڵام بەردەوام دەبن لە رێکار و هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی گەلەکەی.
هەرزوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی باڵیۆزی پاکستانی لە تاران کرد و داوای روونکردنەوەی بەپەلەی کرد لەبارەى هێرشەکان، میدیای فەرمیی ئێرانیش دەڵێت لە هێرشەکاندا سێ ژن و چوار منداڵ کوژراون کە هاوڵاتی ئێرانی نین، بەڵام پاکستان دەڵێت چەند چەکدارێکی سوپای ئازادیی بەلووچستانی کوشتووە.
رۆژی دووشەممە لەسەر سێشەممە و دوای رۆژێک لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر و ئیدلیب، ئێران هێرشێکی مووشەکی کردەسەر چەند بارەگایەکی جەیشولعەدل کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچییە لە ناوچەی پەنجگور لە هەرێمی بەلووچستانی پاکستان کە گرووپێکی دژە حکومەتی ئێرانن و چەندین چالاکییان دژی حکومەت ئەنجام داوە.
لە کاردانەوەی ئەو ھێرشەدا، پاکستان بە زوویی باڵیۆزەکەی لە تاران کشاندەوە و رێگەشی نەدا باڵێۆزی ئێران بچێتە شوێنی کارەکە، هەروەها سەرجەم کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ تاران ڕاگرت.
تاران و ئیسلامئاباد بەردەوام یەکتر تۆمەتباردەکەن بە رێگەدان بە گرووپە چەکدارەکان کە هێرش بکەنەسەر یەکتر و هیچ کات هێزە فەرمییەکانی حکومەت دەستێوەردان ناکەن بۆ وەستاندنی چالاکی ئەو گرووپانە دژی هەردوو وڵات.