زووم:
بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ناو گەنجاندا، رەنگە ئەمساڵ ژمارەی توشبووانی نەخۆشییەکە لە ئەمریکا بگاتە دوو ملیۆن کەس، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، هەرچەندە لە ئەمریکا چارەسەریی نەخۆشی شێرپەنجە بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا پزیشکان و توێژەران وێڵن بەدوای ئەوەی بۆچی هەندێک جۆری نەخۆشی شێرپەنجە لە نێو گەنجاندا رووی لە زیادبوونە.
شارەزایانی تەندرووستی زیادبوونی حاڵەتەکان بۆ ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانە دەگەڕێننەوە کە بەهۆی باری دەروونی، فیزیایی و ئابوورییەوە لەسەر کەسانی گەنج درووستبووە، لەکاتێکدا ئەمە کەمتر لە نەخۆشە بەتەمەنەکاندا دەردەکەوێت.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، رەنگە ئەنجامدانی دوو کار یاخود زیاتر، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر و زیادبوونی مەترسییەکانی ژیان و نەبوونی دڵنیایی، پەیوەندی بە زۆربوونی شێرپەنجە لەناو کەسانی خوار تەمەنی 50 ساڵی بن.
زیادبوونی شێرپەنجە لەناو گەنجاندا لەکاتێکدایە لە 30 ساڵی رابردوودا رێژەکە لەناو ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوە لە 61%ـەوە دابەزیوە بۆ 58%، پزیشکانیش تائێستا درکیان بەوە نەکردووە کە بۆچی توشبوون لە گەنجاندا رووی لە زیادبوون کردووە و مردنیش بەهۆیەوە زیاتر بەدیکراوە.
بەڵام ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر هەیە، ژمارەی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە لە ئەمریکا لەو ماوەیەدا بەرێژەی یەک لەسەر سێ کەمیکردووە، ئەمەش بەهۆی پێشکەوتوویی پشکنینەکان، کەمکردنەوەی بەرچاوی جگەرەکێشان و دۆزینەوەی دەرمان و چارەسەریی نوێ بۆ هەندێک جۆری دیاریکراوی شێرپەنجە.
سەبارەت بە جۆرەکانی، هەریەک لە شێرپەنجەی پرۆستات، جگەر، شێرپەنجەی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی جگەر و پێست، بەرێژەی 2% بۆ 3% لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2019 زیادیکردووە. شێرپەنجەی مەمک، پەنکریاس و میزەڕۆ بەرێژەی 1% بۆ 6% ساڵانە زیادیان کردووە.
راپۆرتەکە پێشبینیکردووە ئەمساڵ نزیکەی 612000 کەس بەهۆی شێرپەنجەوە لەو وڵاتەدا گیان لەدەست بدەن، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو 609820 کەس بووە. گرنگترین هۆکاریش بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی شێرپەنجە ئەوەیە کەسێک کە لە خێزانەکەیدا پێشینەی شێرپەنجە بوونی هەیە، بەردەوام پشکنینی پێویست بکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا تووشی نەخۆشییەکە بووە یان نا.