زووم:
دۆسێکە، دۆسێی ئەمنییە و سکاڵاکانیش ئاسایی نین، بەتایبەت ئەگەر سکاڵای وڵاتێک بێت، لەلایەک هێرش و بۆردومانی بە موشەکى بالیستی کرابێتە سەر و لەلایەکى دیکەوە شوێنى هاووڵاتیان و نیشتەجێبوونی بەئامانج گیرابێت و قوربانیشی لێکەوتبێتەوە، ئەمە سەرەڕای پیشێلکردنى سەروەریی خاکەکەى، لایەنی بەرامبەر تۆمەتی هەواڵگریشی خستبێتە پاڵ.
لە دوای ساڵی 2023 و روخانى رژێمی سەدامەوە، یەکەمجارە عێراق سکاڵا دژی ئێران لە ئەنجومەنى ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکات، بابەتی سکاڵا تازەکەش، بۆردومانی هەولێری پایتەختى هەرێمى کوردستانە بە موشەکى بالیستی.
عێراق لە رێگەى وەزارەتى دەرەوە و بە راسپاردەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزرانى عێراق، دوو سکاڵای دژی ئێران لەسەر ئەو بابەتە تۆمارکردووە.
هەردوو سکاڵاکەی حکومەت عێراق، یەک نووسراون و تەنها ناوى ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتوەکانى لەسەر گۆڕاوە.
چی دەبێت ئەگەر وەڵامی ئەو سکاڵایانەی عێراق لە ئەنجومەنى ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان، سزای ئێرانی بەدوادابێت؟!
پرسیارەکە چەند گران بێت، وەڵام و لێکەوتەکانى گرانتر و دژوارترە بۆ عێراق، چونکە لەدوای پرۆسەى ئازادکردنى عێراق و پێکهێنانى پێنج کابینەی حکومەت لەو 21 ساڵەدا، بەبێ پرس و راوێژ و گڵۆپی سەوزی تاران، لە بەغدادەوە پەنجە نەکراوە بە ئاودا!
پسپۆڕێکى یاسا نێودەىوڵەتییەکان دەڵێت، ئەگەر سکاڵاکانى عێراق سزای ئێرانى بەدواداهات لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، ناتوانێت لە سکاڵاکانى پاشگەز ببێتەوە، چونکە بابەتەکە دەبێتە بڕیاری نێودەوڵەتى.
ئیبراهیم سوڵتانى، قسەی بۆ کەناڵی بەغداد نیوز کردووە، رایگەیاندووە، لە سەرەتاوە ئەنجومەنی ئاسایش بەگوێرەی بەندی شەشەمی یاسای ئەنجومەنەکە، هۆشداری دەداتە ئێران، دواتر سزای ئابوریی دەسەپێنێت، ئەگەر بشبێتە هۆی مەترسیی زیاتر لەسەر ئاشتیی کۆمەڵگە و سەلامەتیى هاوڵاتیان، بڕیاری بەکارهێنانی هێز دەدات.
رەعد هاشم، پسپۆڕێکی ستراتیژییە، دەڵێت، ئاسان نییە سزای وڵاتێکی وەک ئێران بدرێت، کە لە هەشت وڵاتی دیکەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، جەنگى بەوەکالەتی هەڵگیرساندبێت.
پسپۆڕەکە راشیگەیاندووە، ئێران، عێراق بە قوڵایی ستراتیژیی خۆی دەزانێت و هەر سزایەکیش بدرێت، عێراق لەداهاتوودا بەقورسی باجەکەى دەدات.