زووم:
پاکستان هاتە سەر ئەو وڵاتانەی لە دەستوەردانەکانی ئێران نیگەرانن، لە بۆردومانەکانی شەوی رابردووی ئێران بۆسەر گرووپی “جەیشولعەدل” تووڕە و نیگەرانە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، یەکەم دەزگای راگەیاندن بوو هەواڵی هێرشکردنە سەر بارەگای گرووپە پاکستانییەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام تەسنیم بە ئەنقەست ناوی “جەیشولعەدل”ی بە “جەیشولزوڵم” ناوبردووە.
دوای هێرشەکەی ئێران، پاکستان له بەیاننامەیەکدا “به توندی” ناڕەزایەتیی دەربڕی بە “کارێکی ناماقوڵ” ناویبرد، رایگەیاند، “دوو منداڵی بێ تاوان گیانیان لەدەستداوە و سێ کچیش برینداربوون، بۆیە پاکستان گوتی، “ئەمە قبووڵکراو نییه و دەکرێت لێکەوتەی جدیی هەبێت”.
دواتر پاکستان بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد.
دوای نیگەرانییەکانی پاکستان و کاردانەوەکانی بۆردومانکردنی هەولێر، محەمەدرەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز رایگەیاند، ئەگەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە بەبێ دوودڵی وەڵام دەدەنەوە، بۆیە هێرشە موشەکییەکانی سوپای پاسدارانی بۆسەر هەولێر، پاکستان و سوریا، بە بەرگریی رەوا و مافی ئێران وەسفکردووە.
هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای “جەیشولعەدل” دوای ئەوە دێت، ئەو گرووپە مانگی رابردوو بە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی پۆلیسی ئێران تۆمەتبارکرا، کە تیایدا 11 پۆلیس کوژران و چەند پۆلیسێکی دیکە بریندار بوون.
“جەیشولعەدل” گرووپێکی چەکداریی سوننەی بەلووچستانی ئێرانە و لە پێناو مافەکانی گەلی بەلووچ خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، لەلایەن ئێران و ئەمریکاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسراوە.
گەلی بەلووچ لە نێوان سێ وڵاتی ئێران، پاکستان و ئەفغانستاندا دابەشبوون و بەپێی سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەیان بە نزیکەی 10 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت.