زووم:
رۆژنامەی “ئەلجەریدە“ـی کوەیتی لەزاری سەرچاوەیەکی باڵا لە نووسینگەی عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە رایگەیاند، هێرشەکەی سەر شارى هەولێر بە فەرمانی راستەوخۆ و بەپەلەی خامنەیی بووە و تەنانەت گەورە بەرپرسانى ئێران و هێزە چەکدارەکان ئاگاداری بڕیارەکە نەبوون.
بەگوێرەی گێڕانەوەی سەرچاوەکە، بڕیارەکە، پاش ئەوە هاتووە کە خامنەیی زانیاری هەواڵگریی بەدەستگەیشتووە، سەبارەت بە کۆبوونەوەی گروپە جوداخوازەکانی ئێران و ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیلی لە ژێرزەمینى ماڵێکدا لە هەولێر.
سەرچاوەکە دەڵێت، خامنەیی فەرمانی بە لیوا “ئەمیر حاجی زادە” فەرماندەى هێزە زەمینی و ئاسمانییەکانی ئێران کردووە، هێرشەکە ئەنجامبدات، ئەویش “ئیسماعیل قائانی” سەرکردەی فەیلەقی قودسی راسپاردووە، بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە.
سەرچاوەکەى رۆژنامە کوەیتییەکە راشیگەیاندووە ، دەزگای هەواڵگریی ئێران ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی کرمانی دەستنیشانکردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەى لە پارێزگاى ئیدلیبی سوریاوە هاتوون نەک لە ئەفغانستانەوە، لەڕێگەی هەرێمی کوردستانیشەوە خۆیان گەیاندووەتە ئێران.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، بە ئامانجگرتنى ئیدلیب لە خشتەی كاری ئێرانییەكاندا بووە نەک هەولێر، بەڵام کۆبوونەوەیەکى مۆساد لە هەولێر وایکردووە شارەکە بە ئامانج بیگرێت.