زووم:
پەرلەمانتارێکی پارتەکەی محەمەد حەلبوسی، لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەبارەی رووداوەکانی رۆژی شەممەی پەرلەمان و کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک تۆمار دەکات.
هەیبەت حەلبوسی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی تەقەدوم و سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق، سکاڵایەکیان لەبارەی ئەو “ساختەکاری و پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانە”ی لە کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان روویاندا، تۆمار کردووە.
گوتیشی، داوایان کردووە دادگای فیدڕاڵی ئەو کۆبوونەوەیە بە نادەسووری بناسێنێت و سكاڵالێکراو بە پووچەڵکردنەوەی کۆبوونەوەکە ناچار بکات.
رۆژی 13ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی پەرلەمان کۆبووەوە و خولی یەکەمی دەنگدان بۆ چوار کاندید بەڕێوەچوو، بەڵام گرژی دروست بوو و کۆبوونەوەکە دواخرا ئەوەش نیگەرانی پارتەکەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی لێکەوتەوە.