محەمەد شیاع سودانی – سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، ئەمرۆ شەممە 12ی تشرینی دووەمی 2022، لە میانەی دیدارێکی لەگەڵ ژمارەیەک شرۆڤەکاری سیاسی تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی چاکسازی و پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023.
هەروەها پەیوەندیەکانی هەرێم و ناوەند، هێرشی سەر ناوچە سنوریەکان تەوەرە گرنگەکانی دیدارەکە بوون.
سودانی ، سەبارەت بە ناکۆکیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی “کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەریان هەیە، سەبارەت بەم پرسە قسەم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە”.
سەبارەت بە هێرشی سەر ناوچە سنوریەکان گوتی ” هێرشی بەردەوام بۆ سەر ناوچە سنووریەکان پەیوەستە بە یەکگرتویی گوتاری عێراقەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، نابێت لەخاکی ئێمەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ”.
دەربارەی کوشتنی هاوڵاتیە ئەمریکیەکە سودانی رایگەیاند “کوشتنی هاوڵاتیە ئەمریکییەکە تاوانێکە کاتەکەی مەبەستدارە، ئەوەی لەپشتی ئەم رووداوەوەیە دەیەوێت حکومەت تاقیبکاتەوە، سەرەداومان هەیە بۆ ئەوەی بگەین بەتاوانباران، خۆم چاودێری لێکۆڵینەوەکان دەکەم .
سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجە رایگەیاند “لە ناو یاسای بودجەدا سندوقی گەشەپێدانی عێراق دادەمەزرێت، کە تایبەتە بە نیشتەجێبوون و پەروەردە وتەندروستی، بەشێک لە داهاتی نەوت بۆ ئەم سندوقە تەرخان دەکرێت، سندوقەکە کۆتایی بەگەندەڵی دەهێنێت و دەیان هەزار دەرفەتی کاریش دەرەخسێنێت”.
سودانی سەرنج و پلانەکانی حکومەتەکەی لەسەر بودجە و دژایەتی گەندەڵی پرۆژە خزمەتگوزاریاکان خستەروو.
سودانی: دەست دەبەین بۆ فایلە قەدەغەکراوەکان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەرەتا دەست دەکەین بە چاکسازی لەو دامەزراوانەی کە پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیەوە هەیە.
سودانی دەڵێت “دەست بە خزمەتگوزاریە خێراکان دەکەین، چونکە لە بنەرەتدا کێشەکە ئەوەیە هاولاتی متمانەی بە دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان و سیستەمی سیاسی نەماوە، ئێمە زیاتر لە 1450 پڕۆژەمان هەیە کە پارەیەکی زۆری بە عێراق خەرج کردووەو ئێستا بەجێهێلدراون بە ناتەواوی، هەندێک لەو پرۆژانە تەمەنیان زیاد لە دە ساڵە.
سەبارەت بە پەیوەندی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاورێ، دووپاتی کردەوە کە پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای هاوکاری ئەو وڵاتانە ئەبێت بۆ گەراندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق لە لایەن گەندەڵکاران.
سودانی لە کۆتاییدا گوتی “هەندێک دەڵێن ئەمە حکومەتی دوا چانسە، لە راستیدا ئاڵنگاری زۆر هەیە بەڵام توانا هەیە بۆ سەرکەوتن، دەستنیشان کردنی ورد بۆ کێشەکان هەیە، فرسەتەکان هێشتا لە نێو دەستی خۆمانن”.