زووم:
لە تازەترین راپرسیدا بۆ هەڵبژاردنی گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی کاندیدی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن پێش کاندیدی ئاک پارتی دەسەڵاتدار کەوتووە.
راپرسییەکە لەلایەن “سەنتەری توێژینەوەی ئاڕاستە” لە حەوت بۆ نۆی ئەم مانگە لە 39 ناوچەی ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە و نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس بەشدارییان تێداکردووە.
بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەکە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە 39.1% و موراد قوروم کاندیدی ئاک پارتی 32.9%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
ئەمە یەکەم راپرسییە لە پاش ئاشکرابوونی ناوی هەردوو کاندیدەکانی جەهەپە و ئاک پارتی بۆ گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، لە راپرسییەکەدا %9.7ـی بەشداربووان دەنگیان بە هیچ یەکێک لە کاندیدەکان نەداوە.
لەم راپرسییەدا بەراود بە راپرسییەکانی پێشوو، دەنگی ئیمامئۆغڵو بە رێژەی %10 زیاتر بووە و بەوەش دەتوانێت بۆ جاری دووەم هەڵبژاردنی گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ بباتەوە کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە کێبڕکێی توندی لەسەرە.