زووم:
بەدران چیاکورد، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی دیموکراتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەرپرسیارێتی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا خستە ئەستۆی ئەمریکا و روسیا.
بەدران چیاکورد لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لە رۆژاڤای کوردستان و باکووری سوریا بڵاوکردەوە و نووسیویەتى: هێرشەکان بەشێکن لە جەنگی جینۆساید، کە حکومەتی تورکیا بەرامبەر پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیڕەوی دەکات و هەوڵێکی بەردەوامن بۆ لێدان لە هاودەنگیی کۆمەڵایەتیی لە نێوان ئەو پێکهاتانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان پێکهێناوە.
هەروەها نووسیویەتى: پێویستە ئەمریکا و روسیا فشار لە تورکیا بکەن بۆ راوەستاندنی هێرشەکانی، چونکە هێزەکانیان مافی وەڵامدانەوەیان هەیە، هەروەها داواشی لەو دوو وڵاتە کرد، ئەو دۆسیەیە رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانى رۆژى شەممە سوپاى تورکیا چەند شارێک بۆردومانی چەندین شوێنی گشتیی کردووە، لەو نێوەندەدا وێستگەی کارەبای کۆبانێی کردووەتە ئامانج، تەواوی شاری کۆبانێ و 300 گوندی سەر بە شارەکەی بێکارەبا کرد، هەروەها بۆردومانی دارستان و عەمباری گەنمی شاری کۆبانێی کردووە، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دوای بۆردومانەکانیشدا، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی کردە ئامانج، بەڵام زیانی گیانیی نەبوو.
هەر رۆژى شەممە تورکیا لە عامودا ئاشێکی گەنمی کردووەتە ئامانج، لە کانتۆنی عەفرینیش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارەگاکانی سوپای سوریای بۆردومان کردووە.