زووم..
بنەماڵەی مامۆستا جیهان تەها کە لە تشرینی یەکەمی رابردوودا تەرمەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە دەڵێن، کچەکەیان خۆی نەکوشتووە بەڵکو “لەلایەن دەسەڵاتەوە کوژراوە”.
لە ڕاگەیەندراوێکی 10 خاڵیدا کە بە ناوی خێزان و کەسوکاری مامۆستا جیهان تەهاوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، بەڵگەیان لایە کە دەیسلەمێنن کە ناوبراو تیرۆرکراوە، چونکە شوێنی روداوەکە و شێوازی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەش بە تەواوی جێگەی گومانە و، رەنگە لە پێشدا ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕێنرابێت و دواتر بە تایبەت سوتێنرابێت.
دەشڵێن، بەڵگەیان لایە کە پێش روداوەکە چەندین جار لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە هاتونەتە ناو فەیسبووکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان لە ژێردەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریانهێناوە.
راگەیەنراوەکە دەشڵێت، جیهان شۆفێری باش نەبووە و هەرگیز بە ئۆتۆمبێلی خۆی نەچووەتە دەرەوەی شارەوە، خۆ ئەگەریش بیری لە خۆکوشتن کردبێتەوە، ناچار نەبووە بچێتە شارێکی دیکە بەڵکو هەر لە ماڵەکەی خۆی ئەو کارەی دەکرد.
باسیان لەوەشکردووە کە لە رۆژی رووداوەکەدا، جیهان زۆر بە ئاسایی و ڕێکوپێکی بەرنامەی ڕۆژەکەی خۆی کردووە، بۆ نمونە دەوامی خوێندنگه، وەرگرتنی موچە، بازاڕیکردن، پەیوهندیی لەگەڵ کەسوکار و دۆست و هاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی هەندێ کاری گرنگ و پێویست لە رۆژەکانی دواتردا.
راگەیەنراوەکە گومان لەسەر یەکەم راگەیەنراوی بەرگریی شارستانی سۆران لەبارەى ئاگرەکە دەخاتەڕوو کە سەرەتا گوتوویەتی دوو ژن و پیاوێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا سووتاون، بەڵام دواتر راگەیەنراوەکەیان گۆڕیوە و بۆ یەک کەس کە ئەویش مامۆستا جیهان تەهایە.
هاوکات لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا برایەکی مامۆستا جیهان باسی لەوە کردووە تاوەکو ئێستا حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێم هیچ رونکردنەوەیەکی پێویستیان لە بارەی دۆسیەکەوە پێنەداون.
دەشڵێت، لە ئەمریکا دۆسییەکەیان داوەتە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەڵێنیان پێدراوە بەدواداچوونی لەبارەوە بکرێت.
جیهان تەها پێشتر لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتگیری لە داواکانی وانەبێژان و فەرمانبەران دەکرد و بانگەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دەکرد، رۆژی 26ی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو وا راگەیەنرا کە لە ناحیەی بلە لە قەزای مێرگەسوور ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و ئاگریگرتووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.