زووم..
بڕیارە سبەینێ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا گوتارێک پێشکەش بکات و پڕۆژەپێشنیازێک بۆ ئاشتی بخاتەڕوو.
نزیکەی مانگێکی ماوە جەنگی ئۆکراین و رووسیا بچێتە دووەم ساڵییەوە، سەرۆکەکەی ئۆکراین لە داڤۆس دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و سەرۆکی سویسرادا، بڕیارە بەشداریی کۆڕبەندی داڤۆس بکات.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ڕەنگە ئەو گوتارەی زێلێنسکی کاریگەریی هەبێت لەسەر کۆڕبەندە ئابوورییەکە، چونکە دوێنێ یەکشەممە ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانیی 83 وڵات لە سویسرا کۆبوونەوە و لەبارەی پڕۆژەیەکی 10 خاڵییەوە قسەیان کردووە کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شەڕی ئۆکراینە و زێلێنسکی پێشکەشی کردوون.
ئیگناسیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسرا دەڵێت، نوێنەرانی 83 دەوڵەت لە داڤۆسن و گفتوگۆ لەبارەی چەند ڕێگایەکەوە دەکەن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئۆکراین و لە هەموو ئەو شوێنانەش کە ناکۆکییان تێدایە، خەڵکی ئۆکراین زۆر پێویستیان بە ئاشتی هەیە.