زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
پشتیوانیی جەماوەری و لایەنى فەرمی بۆ چوون بەرەو پارەدانی ئەلیکترۆنی زیاد دەکات
هەنگاوەکان وردە وردە رووەو پێدانى ئەلیکترۆنى، لەبری پارەدانی کاش، دەچنە پێشەوە، ئەم بەرەوپێشچوونە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى دەگرێتەوە و هاوڵاتیان و لایەنە فەرمییەکانیش پشتیوانى دەکەن.
ئەندامێکى لیژنەى نەوت و سامانە سروشتییەکانی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت، پارەدانی ئەلیکترۆنى و بەکارهێنانى کارتە بانکییەکان هەنگاوێکی دروستە بۆ چاکسازی ئابوری و دامەزراوە بانکییەکان.
زەینەب موسەوی بە رۆژنامەکەی گوتووە، پارەدانی ئەلیکترۆنى رەنگدانەوەیەکى ئەرێنی و کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازى بازرگانیکردن و سوککردنى باری پارەى کاش لە بازاڕەکاندا.
شەرقئەوسەت
داڤۆس بە ئاڵنگارییەکى گەورەی جیۆسیاسییەوە دەستپێدەکات
ئەمڕۆ دووشەممە کۆڕبەندى ئابوریی جیهان لە هاوینەهەواری داڤۆسی سویسرا لەژێر ناوى (گێڕانەوەى متمانە) کارەکانى دەستپێدەکات.
وەک هەموو ساڵانى رابردوو، ئەم کۆڕبەندە پیشوازى لە سەرۆکى وڵاتان و حکومەتەکانى جیهان و گەورە بازرگان و سەرمایەدارانى جیهان دەکات بۆ بەشداریکردنى ئەم کۆڕبەندەی دەخوازێت نەخشەى سیاسەتى ئابوری جیهان بکێشێت.
بە گوتەى بۆرگە بریندەی سەرۆکى، کۆڕبەندەکەى ئەمساڵ جیاوازە و لە رەوشێکی جیۆسیاسیی و ئابوری ئاڵۆزدا بەڕێوەدەچێت کە چەندین ساڵە ئەو رەوشەى بەخۆوە نەبینیوە.
رۆژنامەى عەرەب
ئەردۆغان سەرقاڵبوونى جیهانی بە جەنگى غەزەوە قۆستووەتەوە بۆ لێدانى پەکەکە لە عێراق و سوریا
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سوودى لە سەرقاڵبوونى جیهان وەرگرتووە بە جەنگى غەزەوە و هەلەکەى قۆستووەتەوە بۆ لێدان لە پەکەکە لە هەرێمى کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان.
دوای بۆردومانکردنى ژێرخانە ئابوورییەکانیان و چەند بنکە و بارەگا و خاڵێکی پشکنینیان لە سوریا، کۆتا رۆژی هەفتەى رابردوو، نۆ سەربازی تورکیاش لە هەرێمی کوردستان کوژران.
رۆژنامەى قودس
100 هەزار شەهید و بریندار و بێسەروشوێن و 2000 کۆمەڵکوژی لە ماوەی 100 رۆژی جەنگی غەزە
100 هەزار شەهید و بریندار و بێسەروشوێن، وێرانکردنی بێ وێنەی خانوو و باڵەخانە و ژێرخانی ئابوری و سیستمێکی تەندروستی داڕوخاو، لێکەوتەى 100ـەمین رۆژی جەنگی غەزەى نێوان حەماس-ئیسرائیلە کە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکرد.
بەگوێرەى ئاماری ئاژانسی وەفا، نزیکەی 24 هەزار شەهید و زیاتر لە 60 هەزار بریندار و هەشت هەزار بێسەروشوێن لێکەوتەى جەنگی غەزەیە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
کەمیی دەرمان لە دامەزراوەی تەندروستی نیشتیمانیی بەریتانیا مەترسی خستووەتەسەر ژیانی نەخۆشان
دەرمانسازانی بەریتانیا دەڵێن کەمبوونەوەی بێ وێنەی دەرمان لە کۆگاکانی دامەزراوەی تەندروستیی بەریتانیا مەترسی بۆ ژیانی نەخۆشانی وڵاتەکە دروستکردووە. بەگوێرەی داتاکانیش، کەمبوونەوەکە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا دوو هێندە بووە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو قەیرانە ئابوورییە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی دەرچوونی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپاوە سەریهەڵداوە.
واشنتن پۆست
ژمارەی قوربانیانی غەزە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە
سەرەڕای ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل داوای لە بەرپرسانی تەلئەبیب کردبوو کە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی گرنگترین کارە کە دەبێت سوپای ئیسرائیل پێیەوە پابەند بێت، هێشتا ژمارەی قوربانییانی مەدەنی لە کەرتی غەزە لە ئاستێکی بەرزدایە و تا ئێستا چڕیی هێرشەکانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو کەم نەبووەتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا داوای کەمکردنەوەی سەختیی شەڕی غەزە دەکات و ناتانیاهۆش بەڵێنی فشاری بەردەوام بۆسەر حەماس دەدات
ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی تووندیی هەڵمەتە سەربازییەکەی بۆسەر غەزە کەمبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران بەڵێنی داوە کە سوپاکەی بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن تا حەماس تێکدەشکێنێت. جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بە ئیسرائیلی راگەیاند ئەوان داوای وەستانی تەواوەتی شەڕ ناکەن بەڵکو چڕیی هێرشەکان کەمبکەنەوە.
عەرەب نیوز
وەزیری دەرەوەی چین داوای راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە و دەوڵەتێکی فەڵەستینیش دەکات
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین، داوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزەدا دەکات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەچوو، وەزیرە چینییەکە داوای کرد دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ بۆ فەڵەستینییەکان درووست بکرێت و لەسەر هەمان ئەو سنوورانە بنیاد بنرێت کە لەسالی 1967دا دیاریکراون.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییهت
نهتانیاهو گاڵته به لاهای دهكات
بنیامین ناتانیاهۆ كه هێرشه دڕندانهكانی بۆ سهر غهزه درێژه پێدهدات ئاشكرایكرد، وڵاتهكهی دان به بڕیاری دادگەی تاوانه نێودهوڵهتییهكان له لاهای نانێت. ناتانیاهۆ كه به هۆی 100ههمین رۆژی شهڕی غهزهوه گوتارێكی پێشكهشكرد، گرنگی بهو بانگهوازانهی ئاگربهست نهدا كه له سهرانسهری جیهانهوه ئاڕاستهیان دهكرێت و رایگهیاند: هیچ كهس رامانناگرێت.
سۆزجو
ئهكرهم ئیمامئۆغڵو دهڵێت لهم ههڵبژاردنانهدا كۆمهڵگه هاوپهیمانییهكان درووست دهكات
كاردانهوه بهرامبهر گوتهكانی سهرۆكی پارتی یهكێتیی مهزن فراوان دهبێت كه سهرجهم پارتهكانی دهرهوهی هاوپهیمانی كۆماری به تیرۆریست ناوبردبوو
وهزیر سهردانی وهقفی تهریقهتی كردووه
جمهورییهت
رۆژهڤی جهههپه ئاسایشی نیشتمانییه
به سهرۆكایهتی ئۆزگور ئۆزهل، سهرۆكی گشتیی جهههپه، له دوای هێرشه تیرۆریستییهكان، ههردوو دهزگای سیاسهتی ئاسایشی نیشتمانی و راوێژکاری سیاسهتی دهرهوه كۆبوونهوه. له كۆبوونهوهكهدا دوایین هێرشی پهكهكه و پێشهاتهكانی ناوچهكه به شێوهیهكی گشتگیر تاوتوێكران.
بیرگون
له ماوهی 12 رۆژدا توایهوه و نهما
كهمترین موچه كه باس لهوه دهكرا ژمارهی پێوانهیی له زیادكردنیدا تۆماركراوه له ماوهی 12 رۆژی رابردوودا بههۆی دابهزینی بههای لیره لهبهرامبهر دۆلار بهڕێژهی 1.6%، پێش ئهوهی دابهشبكرێت 12 دۆلاری لێبوویهوه.
رۆژنامە فارسییەکان
جمهوریی ئیسلامی
پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات بڕیاری دەرکردنی ئەمریکاییەکان جێبەجێ بکات
موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت لە سەرەتای کۆبوونەوەی پەرلەماندا کە بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی پێکهاتبوو گوتی، پەرلەمان لە بڕیارێکی فەرمیدا داوای چوونەدەری هێزەکانی ئەمریکای لە خاکی عێراق کردووە، بۆیە داوا لە سودانی دەکەین کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی پەرلەمان بکات.
پێشتر سودانی بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو کە عێراق خەریکی کردنەدەرەوەی خێرا و رێکخراوی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق
جەوان
دادگاییکردنی موجاهیدینی خەڵقی ئێران لە تاران سەرەتایەکە بۆ دادگایکردنی ئەم رێکخراوە لە دادگەکانی دەرەوەی وڵات
سکرتێری دامەزراوەی هابیلیان دەڵێت؛ بۆ ئەوەی رێکخراوی موجاهیدین و سەرکردەکانی لە دادگەکانی دەرەوەی وڵاتدا دۆسییەیان بۆ بکرێتەوە و دادگایی بکرێن، پێویستە لەم دادگەیەی نێوخۆی وڵاتدا بڕیاریان لەسەر بدرێت.
جەوادی هاشمی نەژاد، سکرتێری دامەزراوەی هابیلیان گوتی؛ کاتێک کە دادگای تاران بڕیارەکەی راگەیاند، دەکرێت بە گوێرەی ئەم بڕیارە لە دادگاکانی دەرەوەدا پەڕاو بۆ دادگاییکردنی سەرکردەکانی موجاهیدین بکرێتەوە.
شەرق
نیلوفەر و ئیلاهە، دوو کچە ڕۆژنامەنووس کە بەتاوانی پشتیوانی لە شۆرشی ژینا دەستبەسەر کرابوو، بە بارمتەی 20 میلیارد تمەن ئازاد کران
ئەنجوومەنی سینفیی رۆژنامەنووسانی تاران ڕایگەیاند، ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حامیدی دوو کچە ڕۆژنامەنووس، دوای حەڤدە مانگ دەستبەسەرکردن، هەریەکەیان بە بارمتەی 10 ملیار تمەن ئازاد کران.
ئەم دوو رۆژنامەنووسە بە تاوانی نووسینی بابەت لە سەر شۆڕشی ژینا و پشتیوانیکردن لە شۆڕشەکە دەستبەسەرکران و دوای ئازادکردنیان، دەبێ چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بن.
ئەبرار
هێرشی ئەمریکا بۆ یەمەن بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەسەر ئیسرائیل بوو
سەباح زەنگەنە، شارەزای سیاسەتی دەرەوە دەڵێت، ئەمریکا بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی خەڵک لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەزە، هێرشی کردە سەر یەمەن و سەرنجی میدیاکانی لەسەر ئەم هێرشە چڕ کردەوە.
زەنگەنە بە ئاماژەدان بە ناردنی دۆسیەی ئیسرائیل بۆ دادگەی لاهای لە لایەن ئەفریقای باشوور گوتی، ڕای خەڵک بە گشتی و بەتایبەت ناوەندە جیهانییەکان لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیل لە فەلەستین چڕ بووبوویەوە و پێدەچوو گوشارەکان بۆسەر ئیسرائیل بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەشەڕ زیاتر بێت، بەڵام ئەمریکا بە هێرشکردنەسەر یەمەن، ڕای گشتی بەلاڕێدا برد و ئیسرائیلی لەبیر خەڵکی بردەوە.