زووم:
سەرەتای نەوەدەکات بزووتنەوەی “شباب المومن” واتە گەنجانی باوەڕدار دامەزرا، دامەزرێنەری بزووتنەوەکە بەدرەدین حوسییە، کە یەکێکە لە زاناکانی مەزھەبی زەیدی لە پارێزگای سەعدەی باکووری یەمەن.
پاڵنەری دروستکردنی ئەم رێکخراوە پشتگوێخستنی ناوچە شیعەنشینەکان بوو لەلایەن حکومەتەوە، لە کاتێکدا 35-40%ـی دانیشتوانی یەمەنیان پێکدەھێنا.
ساڵی 2000، حسێنی کوڕی بەدرەدین، رەوتێکی تازەی بە ناوی ئەنساروڵا دامەزراند، دوای کوژرانی حسێن لە ساڵی 2004، عەبدولمەلیک حوسی برای، سەرکردایەتی گرتەدەست، بەمشێوەیە لوتلکەی دەسەڵاتی گەورەترین گرووپی شیعەی زەیدی لەنێو خێزانی حوسی مایەوە و ناویان لێنرا حوسییەکان.
جگە لە حوسییەکان یان ئەنسارواڵڵا، بە شیعارییەکانیش ناودەبرێن، واتە درووشمخوازەکان، بەھۆی ئەو زنجیرە درووشمەی لە ھەموو بۆنەیەک دەیڵێنەوە، تەنانەت لەدوای نوێژە فەرزەکانیشیان (اللە اکبر، مردن بۆ ئەمریکا، مردن بۆ ئیسرائیل، نەفرەت لە جولەکە، سەرکەوتن بۆ ئیسلام)
زۆرێک لە سەرچاوەکان، ئەم گروپە بە شیعەی دوانزە ئیمامی دەناسێنن و دەڵێن، دوای ئەوەی حسێنی کوڕی بەدرەدین لە ناوەڕاستی نەوەدەکان لە ئێران نیشتەجێبووە، بە مەزھەبی شیعەی دوانزە ئیمامی کاریگەر بووە، دوای گەڕانەوەی ھەوڵی داوە برەوی پێبدات و لە گوتارەکانیدا بانگەوازی بۆ بکات.
لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک رێوڕەسمی ئاینی دوانزەئیمامی جێبەجێکردووە، وەکو ئاھەنگی جەژنی غەدیر و یادی عاشورا، ھەوڵیشی داوەی ناکۆکی و جیاوازی نێوان زیدی و دوانزە ئیمامی نەھێڵێت، لە کاتێکدا لە زۆر رووەوە دژبەیەکن.
بۆ نمونە دوانزەئیمامی دان بە ئیمامەتی زەیدی کوڕی عەلی دامەزرێنەری مەزھەبی زەیدی نانێت، ھەروەھا زەیدییەکانیش پێیان وایە ئیمامەکان لە ھەڵە و کەموکوڕی، ئەوەی پێ دەڵێن (عیسمەت) پارێزراو نین، ئەوە تەنھا بۆ پێغەمبەرانە.
لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، واتە لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە تا ساڵی 2003 شەڕ و ناکۆکی ئەم گرووپە تەنھا لەگەڵ حکومەتی یەمەن بوو، بەڵام لەگەڵ ھاتنی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بۆ عێراق سیاسەتی دژایەتی ئەمریکای گرتەبەر، لەوێوە ھەنگاوی بەرەو فراوانبوون و بەھێزبوون ھاویشت.
ھاوشانی دژایەتی ئەمریکا، دژایەتی وەھابییەکانی سعودیەی لە نێوخاکی یەمەن دەستپێکرد و جەنگی لە دژیان ڕاگەیاند، ھەردوو ستراتیژیەکەش ھەمان ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە ناوچەکە.
شارەزانی مەزھەبی زەیدی دەڵێن، لە دوای رووداوەکانی یانزەی سێپتەمبەر، حسێن بەدرەدین پێشەوای ئەوکاتی حوسییەکان، بەھۆی بڵاوبوونەوەی خێرای سەلەفیەتی وەھابی لە یەمەن کە خەریکبوو دەگەیشتە پێگەی سەرەکی حوسییەکان لە پارێزگای سەعدە، ئەم سیاسەتەی ئێرانی پەیڕەوکرد بۆئەوەی بەر لە لێشاوی سەلەفیەتی وەھابی بگرێت.
بڵاوبوونەوەی سەلەفیەتی وەھابی مەترسی لەسەر شێوازی ئاینداری، ژیانی کۆمەڵایەتی و نەریتی خەڵکی ناوچەکەیان دروستکردبوو، ھەربۆیە حوسییەکان نەک تەنھا سیاسەت، بەڵکو لە رووی مەزھەبیشیەوە لە شیعەی دوانزە ئیمامی نزیکبوونەوە.
ھەرچەندە سەرەتا وەکو گروپێکی مەزھەبی و بانگەوازی ئاینی دەرکەوت، بەڵام لە ساڵی 2004 کاتێک بەھۆی کوژرانی سێ سەربازەوە، حکومەتی یەمەن پەلاماری پارێزگای سەعدەی دا، ئەم گرووپە بەتەواوی بەرگی چەکداری پۆشی، لەوە بەدواوە وەکو ھەر گرووپێکی چەکداری خاوەن ئامانج دەرکەوت.
بەڵام ناسنامەی سیاسی، لە دوای رووداوەکانی یانزەی سێپتەمبەرەوە زیاتر دەرکەوت، لەو کاتەوە عەبدولمەلیک حوسی لە ھەموو بۆنەیەکدا ھێرش دەکاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و نەفرەتیان لێدەکات.
بەرەو دەسەڵات
شۆڕشی بەھاری عەرەبی لە ساڵی 2011، گەورەترین وەرچەخان بوو لە مێژووی حوسییەکان، بە گڕوتینەوە بەشداریان کرد و تۆڵەی شەڕی شەش ساڵەیان لە عەلی عەبدوڵا ساڵح و دەسەڵاتەکەی کردەوە، کە لە ساڵی 2001 بۆ 2004 شەڕی دژی حوسییەکان کرد.
لەدوای سەرکەوتنی یەمەنییەکان بەسەر دەسەڵاتی یەمەن و کوشتنی عەلی عەبدوڵا ساڵح لە ساڵی 2012، ئەم گروپە پەلی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی یەمەندا کێشا.
ساڵێک دوای ڕووخانی دەسەڵاتی یەمەنی، شەڕی لەگەڵ گردبوونەوەی چاکسازی یەمەن، کە لە ئیخوانەکانی یەمەن پێکھاتبوو، بەرپاکرد، تا لە سەرەتای 2015 گەیشتە سەناعی پایتەخت و گەمارۆی کۆشکی کۆماریدا، عەبد رەبە مەنسور ھادی سەرۆکی یەمەنی بۆ سعودیە راونا.
دوای ئەم رووداوە و لە بەرەبەیانی ئاداری 2015، 10 وڵاتی عەرەبی بەسەرۆکایەتی عەرەبستانی سعودی، جەنگ دژی حوسییەکان دەستیپێکرد، سعودییەکان پێیان وابوو دەتوانن لە ماوەیەکی زۆر کورتدا حوسییەکان لە پایتەخت دەربکەن و بیان گەڕێننەوە بۆ شوێنی دەرکەوتنیان لە پارێزگای سەعدە، بەڵام دوای زیاتر لە 6 ساڵ و لە نیسانی 2023 بەرپرسانی سعودیە بۆیەکەمجار بەئاشکرا و لەبەردەم زوومی کامێراکان، لەگەڵ حوسییەکان کۆبوونەوە.
دواتر و لە ئەیلولی ھەمان ساڵ نەخشە رێگەیەکیان بۆ پرۆسەی ئاشتەواوی کۆتاییھێان بە جەنگ داڕشت.
حوسیەکان کە تاوەکو ساڵی 2011 لە ناوچەیەکی دیاریکراوی یەمەن پەراوێزخرابوون، چۆن توانای بەڕێوەبردنی پایتەخت و ئەو ناوچە فراوانەیان ھەیە کە دەستیان بەسەریدا گرتووە؟
بۆ ئەم مەبەستە، حوسییەکان پەیکەری رێکخراوەیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات داڕشتەوە، کە لە سێ ئەنجومەنی باڵا پێکھاتووە، کە باڵاترینیان ئەنجومەنی سیاسییە.
کاری ئەم ئەنجومەنە، کە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ھەیە، بریتیە لە سەرپەرشتیکردن و رێکخستنی پەیوەندی دەرەکیە و ناوخۆییەکان و و ئامادەکردنی پلان و ڕاسپاردە و لێکۆڵینەوەی سیاسی.
دواتر ئەنجومەنی جێبەجێکردن دێت، کە دەستە و کۆمەڵە جەماوەرییەکانی لەخۆگرتووە، وەکو رێکخراوەکانی بواری رۆشنبیری و پەروەردە و کاروباری ژنان زۆر بواری دیکە.
دەستەی سێیەم و کۆتاییش، بریتیە لە دەستەی کاری حکومەت، کاری ئەم دەستە سەرپەرشتی نوێنەری حوسییەکان دەکات لە دەزگاکانی حکومی و دەوڵەتییەکان.
بەگوێرەی ھەندێک لە لێکۆڵینەوەکان، ئەم شێوازەی حوسییەکان بۆ بەڕێوەبردنی یەمەن، تێکەڵەیەکە لە شێوازی زەیدی و شێوازی دەسەڵاتی خێزانی، ھەروەھا شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات لە سیستەمی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
لەم شێوازەی حوسییەکان، عەبدولمەلیک حوسی وەکو پێشەوا و رابەر، لە لوتکەی ھەرٍەمی دەسەڵاتە، چواردەوری بە ئەندامانی خێزانەکەی و خزم و کەسوکارەکەی گیراوە، دوای ئەوان ، ئەو کەسانە دێن کە لە شەڕی شەش ساڵەی سەعدەوە لەگەڵیاندا دەجەنگن.
حوسییەکان لەماوەی 24 ساڵی تەمەنیان، شارەزاییان پەیدا کردووە لە قۆستنەوەی ھەر جەنگێک لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕوویدابێت، بۆ جەنگی غەزەش ھەمان کاریان کرد.
لە سەرەتای جەنگی غەزە، ژمارەیەک موشەکی ئاڕاستەی باشووری ئیسرائیل کرد.
ھەروەھا لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ساڵی رابردو ، ھەڕەشەی ئەوەیکرد ھەر کەشتیەکی ئیسرائیل بە ئامانج دەگرێت کە رێڕەوی دەریای سوور بەکاربھێنێت. پێنج ڕۆژ دواتر بەڵێنەکەیان بردەسەر و لە 19ـی ھەمان مانگ دەستیان بەسەر کەشتی گالاکسی لیدەردا گرت.
سیاسەتی فراوانخوازی حوسییەکان وایکردووە رووبەڕووی سزا و گەمارۆی وڵاتانی ناوچە و جیھان ببنەوە.
ئیدارەی کۆشکی سپی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ لەسەرەتای 2020 ئەنساروڵای حوسییەکانی بە گرووپی تیرۆرستی ناساند، و سزای بەسەر عەبدولمەلیک دوو فەرماندەی سەربازی باڵادا سەپاند، بەڵام جۆ بایدن لە شوباتی 2021 بڕیارەکەی ھەڵوەشاندەوە.
ھەروەھا لە ئازاری 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەب حوسییەکانی خستە لیستی گروپە تیرۆرستەکان، لە کاتێکدا ھەر ئەو وڵاتانە لە پرۆسەیەکی ئاشتەواییدان لەگەڵیدا، دوای پلانی لەناوبردنیان بە ھێرشی و پەلاماری سەربازی شکستیھێنا.