هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبەدابوو کە ئەمڕۆ شەممە، بە بەشداری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و هەردوو جێگرەکەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا 17 کەس وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران، کە یەکێکیان ژنە، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی پارتیدا، ژنێک بگاتە مەکتەبی سیاسی.
پارتی لەماوەی 76 ساڵی ڕابردوودا، دەرگای بۆ هیچ ژنێک نەکردوەتەوە کە ببێت بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، بۆیە ئەمە بەیەکەمین بڕیاری ئەو حزبە دادەنرێت لەبارەی زیادکردنی ئەندامی ژن لە مەکتەبی سیاسیدا.
هەرچەندە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتیدا، پێشتر و ئێستاش ئەندامی ژنی هەبووە، بەڵام دانانی ئامینە زکری وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەنگاوێکی تازەی ئەو حزبەیە.
” جگە لە فوئاد حسێن، پێنج ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەستبەرداری پۆستەکانیان دەبن لە حکومەت و پەرلەمان “
سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە زوومی راگەیاند “بە بڕیاری سەرۆکی پارتی ئەو کەسانەی کراون بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەبێت دەستبەرداری پۆستەکانیان ببن لە حکومەت و پەرلەمان”
بەگوتەی سەرچاوەکەی زووم بارزانی خۆی کەسانی دیکە لە شوێنی ئەو بەرپرسانە دادەنێت.
هەر بە گوتەی سەرچاوەکە بڕیارەکە فواد حسێن ناگرێتەوە کە ئێستا جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەیە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی بارزانی، هەریەکە لە هێمن هەوراومی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانان، نەوزاد هادی راوێژکاری سەرۆکی هەرێم، دەبێت دەستبەرداری پۆستەکانیان ببن.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرواری 3 تا 6ی تشرینی دووەمی 2022 چواردەیەمین کۆنگرەی خۆی بە بەشداری 1061 ئەندام، لە شاری دهۆک ئەنجامدا.
لە یەکەم رۆژی کۆنگرە، دووبارە مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتەکە هەلبژێردرا.
دواتر (نێچیرڤان بارزانی،مەسرور بارزانی) وەک دوو جێگر بۆ سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردران، لە کاتێکدا کە پێشتر تەنها یەک جێگری سەرۆک هەبوو.
هەروەها لە کۆنگرە بریاریش درا بە گۆرینی ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ “کۆمیتەی ناوەندی”.
بە پێی پەیرەوی ناوخۆی پارتەکە، مەکتەبی سیاسی دەستەیەکی سەرکردایەتی هەڵبژێردراو و رێپێدراوە لە لایەن کۆمیتەی ناوەند، بۆ جێبەجێکردنی بریارەکان و هاوئاهەنگی لە نێوان ئۆرگانەکان و راپەراندنی کاروباری رۆژانەی پارتی.
هەر بە پێی پەیرەوەکە لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەند، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەلدەبژێردرێن کە ژمارەیان لە نێوان 15-17 ئەندام دەبێت.