زووم:
شاندێکی باڵای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە لەبارەی دەستنیشانکردنی وادەیەکی تازە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە زوومی گوت، سبەینێ دووشەممە شاندەکە بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی کۆمسیاران و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران و بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەڵبژاردن، دەگەنە شاری هەولێر.
گوتیشی، شاندەکە رۆژی 16ی ئەم مانگە واتا رۆژی سێشەممە لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، ئامانجی سەردانەکەش دەستنیشانکردنی وادەیەکی تازەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بڕیاروابوو رۆژی 25ی شووباتی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، ناتوانن لەو وادەیەدا هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن و داوایان کردووە سەرۆکایەتی هەرێم وادەیەکی تازە دیاری بکات.