زووم، ئاژانسەکان:
رۆژنامەی لیبراسیۆنی فەڕەنسی چەند چیرۆکێکی سەرسوڕهێنەری لە تانوپۆی جەنگی روسیا و ئۆکراینا، لەبارەی کاری هەواڵگریی و سیخوڕی ئاڵۆزەوە بڵاوکردوەتەوە، کە ئەوەش رۆژگارەکانی لیژنەی ئاسایشی دەوڵەت و دەزگای کەی جی پی بەبیردێنێتەوە، کە لەسەروبەندی جەنگی ساردی نێوان روسیا و رۆژئاوا سیخوڕەکانی روسیا بە جیهاندا بڵاوبووبوونەوە.
رۆژنامەکە زۆربەی میکانیزمە نوێیەکانی دنیای هەواڵگریی و سیخوڕی باس دەکات، کە سیخوڕەکان لەسەردەمی نوێدا بەکاری دەهێنن، گرنگترینیان خۆی لە هاککردن و دزەکردن و چاودێریی ورد و شوێن پێهەڵگرتن و چەندین رێگەی دیکەدا دەبینێتەوە.
رۆژنامەکە تۆمارێکی دەنگی کچە رۆژنامەنوسێکی بەناوی سالۆمی کۆردۆلی بڵاوکردۆتەوە، کە لەیەکەم چیرۆکدا باس لە هاوڵاتیەکی روس دەکات، کە رودەکاتە وڵاتی نەرویژ و لەناوچەیەکی ستراتیژی و گرنگ کاردەکات و خۆی وەک گەشتیارێکی بەڕازیلی نیشاندەدات، بەڵام دوای گەشت و هاتوچۆ لەرادەبەدەرەکانی لەنێوان نەرویژ و روسیادا گومان دەخرێتە سەری و دەستگیردەکرێت، دواتریش تۆمەتباردەکرێت بەکاری هەواڵگری سەربازی بۆ روسیا، لەپاش ئەوەی لەڕێی کامێرای درۆنەوە وێنەی چەند ناوچەیەکی هەستیاری لە نەرویژ تۆمارکردووە.
لە چیرۆکێکی دیکەدا، کە هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە، شوێنەواری ژمارەیەکی سیخوڕی روسیە و لەپێگەی لۆبۆنکوینی فەڕەنسییە، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی کاری ریکلام، کاتێ سیخوڕە روسەکان دزە دەکەنە ئەو کۆمپانیایەوە و هەوڵدەدەن ژمارەیەک لە کارمەندە گەنج و زیرەکەکان رام بکەن، کە کاری سیخوریان بۆ ئەنجام بدەن، وەک لیبراسیۆن بڵاویکردوەتەوە، بەتایبەتیش ئەو گەنجانەی کە لەبواری ئەندازیاریی و زانستە سیاسیەکاندا بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، کە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکیان لەئایندەی فەڕەنسادا پۆست و پلەی باڵا بەدەست بهێنن، لەماوەی دووساڵدا 12 هەوڵی چڕ و گەورەیان داوە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی سیخوڕی لەنێو گەنجانی فەڕەنسا.
لە چیرۆکێکی دیکەدا، هاوڵاتیەکی روس، رودەکاتە هوڵەندا و سەرەتا خۆی وەک دادوەرێکی بەڕازیلی دەناسێنێت، کە بووە بە ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان لەلاهای بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی جەنگی ئۆکراینا، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت، کە خەڵکی روسیایە، بۆیە لە فڕۆکەخانەی ئەمستەردام دەستبەسەردەکرێت و دوای لێکۆڵینەوەکانیش دەردەکەوێت کار بۆ هەواڵگری روسیا دەکات، وەک رۆژنامەکە ئاماژەی بۆدەکات، خۆ ئەگەر دەستگیرنەکرایە ئەوا زانیاریی زۆر گرنگ و بەسودی بۆ بەرپرسانی روسیا دەگواستەوە.
بەگوێرەى تۆمارە دەنگیەکەی لیبڕاسیۆن، دامودەزگا هەواڵگرییەکانی روسیا چەندین رێگا و میکانیزی نوێیان داهێناوە بۆ چاندنی شانەی نهێنی لە جومگە هەستیارەکانی وڵاتانی نەیاری روسیا، کە ئەوەش وایکردووە مۆسکۆ لەڕووی هەواڵگریی و سیخوڕییەوە لەپێش دوژمنەکانیەوە بێت لەو بوارەدا.
بۆ روبەڕوبوونەوەی دزەکردنی سیخوڕە روسەکان بەنێو وڵاتانی دراوسێدا، زۆربەی وڵاتانی هاوسنوری ئەو وڵاتە هەوڵی رێگری لە هاتنە ناوەوەی هاوڵاتی روس دەدەن بۆ ناو خاکی وڵاتەکانیان، فینلەندا لەڕێی دروستکردنی دیواری راگرەوە رێ لە سیخوڕەکانی روسیا دەگرێت، کە بەناوی گەشتیارییەوە رووی تێدەکەن.
هەروەک حکومەتی نەرویژ لە 10% بودجەی گشتی دابینکردووە بۆ دیپۆرتکردنەوەی هاوڵاتیانی روس بۆ سنوری وڵاتەکەیان، بەڵام فەڕەنسا بەشێوازی جۆراو جۆر روبەڕوی سیخور و هەواڵگرە روسەکان دەبێتەوە، گرنگترینیان دەرکردنی سیخورەکان و ناردنەوەیانە بۆ وڵاتەکەیان یان بەشێوەیەکی نهێنی دووریان دەخاتەوە
هەر بەگوێرەى تۆمارە دەنگیەکە چەندین ئاستەنگی ستراتیژی و سیاسی لەپشت ئەو چیرۆکانەوەن، کە دەیسەلمێنێت هەڕەشەکانی روسیا چەندین میکانیزم و شێوازی جیاواز لەخۆدەگرێت هەروەک بەڵگەشە لەسەر ئەوەی مۆسکۆ لە کاری سیخوڕی راناوەستێت.