زووم..
بەیانی ئەمڕۆ چوار کۆچبەر اە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا و لە ئاوی نۆکەندی ئینگلیزی خنکان کە خەڵکی عێراق و سوریان.
ئاژانسی فرانس پرێسی بڵاویکردەوە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمرۆ یەکشەممە بەلەمێک بە 70 کۆچبەرەوە کەرنائاوەکانی فەڕەنسای بەرەو بەریتانیا بەجێهێشتووە، هەر دوای دەستپێکردنی گەشتەکە، بەلەمەکە کێشەی تێکەوتووە و لە نزیک کەنارئاوەکانی فەڕەنسا ژێرئاو کەوتووە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، هەرچەندە نزیکەی 50 کۆچبەر لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە رزگارکراون، بەڵام چوار کۆچبەری عێراقی و سوری گیانیان لەدەستداوە و کۆچبەرێکی دیکە بە سەختی برینداربووە.
دەشڵێت، هێشتا چەند کۆچبەرێکی دیکەی رووداوەکە بێسەروشوێنن و هەوڵەکانی تیمی فریاگوزاری بەردەوامن بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنیان.
بەهۆی ناسەقامگیری کەشوهەواوە، ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە نۆکەندەکەدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا دابەزیوە بۆ 29.437، لەکاتێکدا ژمارەکە لە ساڵی 2022دا گەیشتە 45.774 بووە.