زووم:
لە هەڵبژاردنێکی مێژوویدا، تایوانییەکان “لای چینگ تی”ـیان وەک سەرۆکی تازە هەڵبژارد کە سیاسییەکی جووداخوازە، لە هەڵبژاردنێکدا کە چین بە بژاردەیەک لەنێوان جەنگ و ئاشتیدا ناوی دەبرد.
تایوان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەشێکە لە خاکی میللی چین، ئەمریکا و ئەوروپییەکان هەرچەندە دژایەتی جیابوونەوەی دەکەن، بەڵام وەک وڵاتێکی سەربەخۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و هەماهەنگی دەبن بۆئەوەی دژی چین بوەستێتەوە.
لای چینگ تی 65 ساڵ کاندیدی پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکرات بوو کە ماوەی هەشت ساڵە دەسەڵاتیان لە دوورگەکە گرتووەتە دەست و بەردەوام داوای جیابوونەوە لە چین دەکەن، تایوان کە 23 ملیۆن دانیشتووانی هەیە، خاوەنی حکومەت و سوپا و دەستوور و دراو سەربەخۆی خۆیەتی.
لای چینگ تی 40.2%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەریشدا رکابەرە سەرەکییەکەی کە دەیخواست لە چین نزیک بێتەوە، یو ئەیھ بوو، ئەو کاندیدی پارتی ناسیۆنالیستییە و 33.2%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و شکستی هێنا.
چین بە بەردەوامی دژایەتی خۆی بۆ چالاکیی جووداخوازیی تایوانییەکان دووپاتدەکاتەوە، هەرزوو دوای دەرچوونی سەرۆک جووداخوازەکە، حکومەتی چین جەختیکردەوە کە هەڵبژاردنی ناوبراو نابێتە رێگر لە بەردەم یەکگرتنەوەی تایوان لەگەڵ چین.
گوتیشی، ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکرات ناتوانێت نوێنەرایەتی گشتیی دوورگەکە بکات.
ئەمریکاش دەبێت زوو هەڵوێستی هەبێت، چونکە ماوەی چەند ساڵێکە بە هەموو جۆرێک پشتگیری لە سیاسییە جووداخوازەکان دەکات و هەماهەنگییەکی توندی سەربازییان پێکەوە هەیە، بەڵام هێشتا رەتیدەکاتەوە کە پشتگیری سەربەخۆیی تایوان بکات.
هەرزوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە لای چینگ تی کرد بەڵام جەختیکردەوە کە پشتیوانی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەریی دورگەکە ناکات، چونکە ئەوان تایوان بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی چین دەزانن.
هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش، پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی لە لای چینگ تی کرد و گوتی، ئەمریکا تایوان وەک دەوڵەتێک ناناسێت، بەڵکو هاوکاری سەربازی بەرچاوی بۆ دابین دەکات.
گوتیشی، واشنتۆن بە نیازە دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان شاندێکی نافەرمی بنێرێت و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی تازە و بەرپرسانی ئەو دوورگەیە ئەنجامبدات