وەزارەتی تەندروستیی عێراق، روفاتی 172 ئەنفالکراوی گەرمیانی رادەستی هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەمڕۆش رووفاتەکان دەهێندرێنەوە بۆ سنووری گەرمیان.
تەندروستیی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان و تەواوکردنی پشکنینی دی ئێن ئەی، ئەمڕۆ لە بەغداد روفاتی 172 ئەنفالکراویان رادەستی لیژنەیەکی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، روفاتی ئەو ئەنفالکراوانە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ناوچەی شەیخییە لە سنووری سەماوە لە پارێزگای موسەنا دەرهێندراون و زۆرینەیان ژن و منداڵن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم، بڕیارە ئەو روفاتانە ئەمڕۆ بهێنرێنەوە بۆ سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەخاکبسپێردرێن.
ئەو روفاتانە لە ساڵی 2019وە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە دەرهێنراون و لەوکاتەوە لە پەیمانگەی پزیشکیی دادن لە بەغداد.