زووم:
نیویۆرک تایمز: ئەمریکا ریزبەندیی کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر حەماس لە چوارەمەوە هێناوەتە دووەم
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، ئاژانسی هەواڵگریی سی ئای ئەی، خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر سەرکردەکانی حەماس، هێزێکی تایبەتیشی راسپاردووە زانیاریی هەواڵگری لەسەر شوێنی بارمتەکانی دەستی حەماس کۆبکاتەوە.
رۆژنامەکە، لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دەڵێت، سی ئای ئەی زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و دەیاندات بە سوپای ئیسرائیل، کە لە ئێستادا لەناو غەزە ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە دژی حەماس ئەنجام دەدەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکەی نیویۆرک تایمز، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەو هێزە تایبەتیەی سی ئای ئەی چەند رۆژێک دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو پێکهێنراوە و زانیاری لەبارەی باڵاترین سەرکردەکانی حەماس کۆکردووەتەوە.
بەر لە هێرشەکەی حەماس، ئیسرائیل مەزەندەی 20 هەزار بۆ 25 هەزار چەکداری حەماسی دەکرد، لە کۆتایی 2023شدا، ئیسرائیل بە بەرپرسانی ئەمریکای راگەیاندووە سێیەکی ئەو ژمارەیە چەکداری حەماسیان لە شەڕەکەدا کوشتووە.
بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدانین ئیسرائیل چەکدارە پلەنزمەکانی حەماس بکاتە ئامانج، چونکە بەگوتەی ئەوان، لەو هێرشانەدا کەسانی مەدەنی دەبنو بە قوربانی، بەڵام کوشتنی سەرکردە باڵاکانی حەماس، دەبێتە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئیسرائیل، لەنێویشاندا کوشتنی یەحیا سنوار یان محەمەد زەیف، کە فەرماندەی باڵای سەربازیی حەماسن.
ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت کارێکی لەوجۆرە بکات دەبێتە دەستکەوتێکی باش بۆ بنیامین ناتانیاهوی سەرۆکوەزیران و دەستکراوەتری دەکات لەبەرامبەر رای گشتیی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە غەزەدا هەڵگیرساوە.
راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز لەزاری بەپرسانی ئەمریکاوە باس لەوە دەکات، لە بە ئامانجگرتنی یەحیا سنواردا کێشە دۆزینەوەی شوێنەکەی نییە، چونکە هەواڵگریی ئەمریکا پێیوایە یەحیا سنوار لە قووڵترین بەشی تونێلەکانی ژێر خان یونسی باشووری غەزەیە و پێدەچێت بارمتەکانی ئیسرائیل وەک قەڵغانێکی مرۆیی بەدەوری سنوار بەکارهێنرابن، ئەمەش دەستگیرکردن یان کوشتنی ناوبراو هێندەی دیکە سەختتر دەکات.
سەبارەت بە کوشتنەکەی ساڵح عاروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، کە لە بەیروت کوژرا، بەرپرسانی ئەمریکا بە رۆژنامەکەیان گوتووە، ئەمریکا هیچ زانیارییەکی بە ئیسرائیل نەداوە و سوپای ئەو وڵاتە خۆی زانیارییەکانی لەبارەی شوێنی عارورییەوە کۆکردووەتەوە.
لەبارەی ئەرکی لەپێشینەی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی سی ئای ئەی، راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات، بەر لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی لەسەر حەماس لە ریزبەندیی چوارەمی ئاژانسەکەدا بووە، بەڵام لە ئێستادا هێنراوەتە ریزبەندیی دووەم و دوای کاری یەکەمینی سی ئای ئەی دێت، کە ئاشکراکردنی مەترسییەکانی چین، روسیا، کۆریای باکور و ئێرانە بۆسەر ئەمریکا، ئەمە لەکاتێکدا، پێش هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، ئەمریکا پشتی بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی سوپای ئیسرائیل دەبەست لەبارەی حەماسەوە.
بۆیە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، هێرشەکەی حەماس لە ساڵی رابردوودا سەلمێنەری ئەوەن زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەو گرووپە لاواز بوون و تا ئێستاش ئەمریکا لەوبارەیەوە پرسیاری لە ئیسرائیل نەکردووە.
پێشبینی دەکرێت تا ئێستا 130 بارمتەی ئیسرائیلی لە غەزەدا مابێتنەوە، هەرچەندە ئیسرائیل و ئەمریکا هیواخوازن لەگەڵ زیندانییەکانی فەلەستیندا ئاڵوگۆڕ بە بارمتەکان بکەن، بەڵام حەماس ئەوە رەتدەکاتەوە و مەرجی سەرەکیی ئازادکردنیان، راگەیاندنی ئاگربەستی درێژخایەن و کۆتاییهاتنی شەڕە.