زووم:
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگریی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا دەڵێت، ئەگەر بەریتانیا بیەوێت بەشێک لە سەربازەکانی بۆ ئۆکراین رەوانە بکات، ئەوە بە واتای راگەیاندنی جەنگ لەگەڵ روسیا دێت.
رۆژى هەینى ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانى کیێڤى کرد و گرێبەستی ناردنی گەورەترین پاکێجی هاوکاریی بۆ ئەو وڵاتە واژۆ کرد، ئەمە روسیاى نیگەران کردووە.
دیمیتری مێدڤێدێڤ دەڵێت، رایگشتی وڵاتانی رۆژئاوا چی دەڵێن، ئەگەر ئێستا وڵاتەکەی بە بۆمبی هێشوویی کیێڤ بۆردوومان بکات لەکاتێکدا شاندی بەریتانیا لەو شارەدان.
ریشی سوناک بڕیاریدا بە بڕی سێ ملیار و 200 ملیۆن دۆلار هاوکارى پێشکەش بە ئۆکراین بکات، ئەمەش گەورەترین هاوکاریی ئەو وڵاتەیە بۆ ئۆکراین لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی روسیاوە.
هاوکارییەکانی بەریتانیا وەک فریادڕەسێک دەبینرێت بۆ ئۆکراین، لەکاتێکدا کە هاوکارییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کەمبووەتەوە و سوپای وڵاتەکە کێشەى کەمی چەک و تەقەمەنیی لە بەرەکانی جەنگدا هەیە.