زووم:
ئەردۆغان لەسەر کوژرانی نۆ سەربازەکە کۆبوونەوەیەکی باڵا رێکدەخات
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانى نۆ سەربازى وڵاتەکەى راگەیاند، کە پەکەکە هێرشی کردووەتەسەر بنکە سەربازییەکانى تورکیا لەنێو خاکى هەرێمى کوردستان. ئەمڕۆش سەرۆککۆماری تورکیا لەسەر ئەو بابەتە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی دەکات.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، شەوی رابردوو بەهۆى پێکدادان لەگەڵ پەکەکە، کە هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە “باکووری عێراق” نۆ سەرباز کوژران و چوار سەربازی دیکەش بریندارن.
شەوى رابردوو وەزارەتى بەرگرى تورکیا کوژرانی پێنج سەرباز و برینداربوونی هەشت سەربازی دیکەی راگەیاند، ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا گیانلەدەستدانى چوار لەو سەربازانەى راگەیاند، کە برینداربون.
هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 2:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەستەنبوڵ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی دەکات، کە هەریەکە وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، ناوخۆ، سوپاسالار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی وڵاتەکە بەشداریی تێدا دەکەن.