زووم، ئاژانسەکان:
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دوای سەردانی ژمارەیەک کوردی باکوری کوردستان بۆ بارەگاى رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوەندەکەی لە جنێفە، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سویسرا لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد.
هەفتەى رابردوو ژمارەیەک کوردی باکوری کوردستان سەردانى رێکخراوی تەندروستی جیهانییان کرد و دۆسیەی پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە لەدژی گەریلاکانی پەکەکەوە پێشکەش بە رێکخراوەکە کرد.
تامژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، سەرەڕای هەوڵەکانی تورکیا و سویسرا بۆ ریگریکردن لە “چالاکیەکانی پەکەکە” بەڵام لایەنگرەکانى ماوەیەکی زۆرە گردبوونەوە ئەنجام دەدەن، بەتایبەتی لە نزیک رێکخراوەکانى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەکانی تورکیا. لە گردبوونەوەکاندا وێنە و پۆستەری سەرۆکی گروپە “تیرۆریستیەکان” بەرزدەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی سویسراوە بگیرێتەبەر.
ئەو ئاماژەی بە گردبوونەوەی ژمارەیەک کوردی باکوری کوردستان داوە، کە وەک لایەنگرانی پەکەکە پێناسەی کردووە، لەبەردەم بارەگاى رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەڵێت بەهۆی نەرمینواندنی دەسەڵاتدارانی سویسرا، لایەنگرانی پەکەکە لەم دواییانەدا دەرفەتیان قۆزتووەتەوە، کە بچنە نێو بارەگاى رێکخراوەکە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، بانگهێشتی بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سویسرا لە ئەنقەرە کراوە و نیگەرانیەکانی ئەنقەرەی پێراگەیەندراوە.
فشارەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا بۆ رێگریکردن لە چالاکیەکانی پەکەکە لەو کیشوەرە، هەرچەندە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام دوای داواکاری وڵاتانی فینلەندا و سوید بۆ ئەندامێتی ناتۆ بووە هەنگاوی کرداری.