زووم:
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، چوار هەزار مێگاوات کارەبای لەدەستداوە، هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی غازی هاوردەکراو لە ئێران گەڕاندەوە.
وەزارەتی کارەبای عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دەیانویست لە رێگەی چالاککردنی وێستگەی گەرمی و دامەزراندنی پڕۆژەی وزەی خۆرەوە، پشتبەستن بە غازی دابینکراو کەمبکەنەوە، بەڵام کەمی هاوردەکردنی غاز کاریگەریی لەسەر وێستگەکانی کارەبا هەیە و بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە چوار هەزار مێگاوات لە سیستمی کارەبا.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکانی حکومەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت، کاردەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی غازی لەدەستچوو بۆ ئەوەی وێستگەکان بە سووتەمەنی جێگرەوە کارپێبکەن، تا دابینکردنی غاز، کە بەهۆی کاری چاککردنەوە لە ناوخۆی ئێران راگیراوە.