زووم، ئاژانسەکان:
بەگوێرەی دوایین راپرسی، کە لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڵاوکروەتەوە دەردەکەوێت، کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکەپە و کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی کۆمار، لەبەرامبەر کاندیدی هاوپەیمانی گەل، کە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنن شكستدەهێنێت.
کۆمپانیای ئاڤراسیا، کە لە بواری راپرسی و ئامار لە تورکیا کار دەکات، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و رێژەی دەنگی پارتە سیاسیەکان بڵاوکردەوە.
دوو هەزار و 560 هاوڵاتی تورکیا بەشێوەیەکی روبەڕوو بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە و هەرچەندە کاندیدی بەرەی یەکگرتوی ئۆپۆزسیۆن دیاری نەکراوە، بەڵام چی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە یان مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش بێت، لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردەکەون، وەک لە راپرسییەکەدا هاتووە.
لە راپرسیەکەدا، پرسیار لە بەشداربووان کراوە، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بوایە چی پارتێکت هەڵدەبژارد؟
ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە:
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 26.9%
پارتی داد و گەشەپێدان 26.4%
پارتی باش 11.7%
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 9.9%
پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 5.8%
ئەوانەى بڕیاریان نەداوە 12.1%
جەهەپە یەکەمە و مەهەپەش ناتوانێت بەندی هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنێت
کۆمپانیاکە دەنگی بێ بڕیارەکانی بەگوێرەى ناوچە و شارەکان بەسەر پارتە سیاسیەکاندا دابەشکردووە، ئەگەر لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا رایان بگۆڕن و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، دەنگی پارتەکان بەم جۆرەی خوارە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.
جەهەپە 30.6%
ئاکەپە 30.0%
پارتی باش 13.3%
هەدەپە 11،3%
مەهەپە 6.8%
پارتی دەڤا 3.4%
پارتی سەرکەوتن 1.8%
پارتی رەفاحی نوێ 1.8%
ئەوانەی دیکە 1.6%
بەو پێیەش پارتی کۆماری گەل (مەهەپە) بە سەرۆکایەتی کەمال کلچدارئۆغلۆ زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و پارتی بزوتنەوەیەى نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەکی ناتوانێت بەندی 7.0%ی هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنێت.
دۆخی ئەردۆغان خراپە
کۆمپانیای ئاڤراسیا پرسیاری لە بەشداربووان کردووە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدەیت یان نا؟
ئەمە ئەنجامەکەیەتى:
هەرگیز دەنگ بە ئەردۆغان نادەم 56.5%
بە دڵنیاییەوە دەنگ بە ئەردۆغان دەدەم 36.1%
خۆم یەکلایی نەکردووتەوەتە 7.4%
هەروەها پرسیار لە بەشداربووان کراوە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن کاندیدی هاوبەش دیاری بکات دەنگی پێدەدەیت؟
ئەمە ئەنجامەکەیەتى:
بەدڵنیاییەوە دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن دەدەم 48.9%
بە هیچ شێوەیەک دەنگ بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن نادەم 35.9%
بڕیارم نەداوە 15.2%
یەکگرتنی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکاندا مەرجی سەرەکی سەرکەوتنیانە
تورکیا بەشێوەیەکی نافەرمی کەوتووەتە کەشی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە و هەموو لایەنە سیاسیەکان دەستیان بە ئاشکراکردنی دەستپێشخەریەکانیان کردووە و شار بە شار، میتینگ، کۆبونەوە و سەردانی مەیدانی ئەنجام دەدەن.
هەرچەندە دەسەڵاتی تورکیا، کە لە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) پێکهاتووە، لەم دواییانەدا چەندین پرۆژەی ئابوری، خزمەتگوزاری و بەرنامە و پرۆگرامی دوورمەودایان راگەیاند، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا فریایان بکەوێت، بەڵام ئامار و راپرسیەکان باس لە داهاتوویەکی گەشاوە بۆ دەسەڵات ناکەن.
هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی لەو وڵاتە لە 18ی حوزەیرانی 2023دا بەڕێوەدەچن.
سێ هاوپەیمانی سەرەکی پێکهێنراون، بریتین لە هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان.