زووم..
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، فڕۆکەکانى ئەمریکا و بەریتانیا هێرشێکى فراوانیان کردە سەر حوسییەکانی سەنعاى پایتەخت و چەند شارێکى دیکەى یەمەن. ئامانج لە هێرشەکە راگرتنى هێرشەکانى حوسییەکانە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانى دەریاى سوور.
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەڵێت، لە 16 شوێنی حوسییەکان 60 ئامانجمان پێکاوە. لە هێرشەکەدا زیاتر لە 100 موشەکمان لە هێرشەکاندا بەکارهێنا و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆگاکانی تەقەمەنی و سیستمی هەڵدانی موشەکمان کردووەتە ئامانج.
هێرشەکە وەڵامدانەوەی حوسییەکانە بەرامبەر بەو هێرشانەى نزیکەى دوو مانگە بە بەردەوامى دەیکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریاى سوور.
جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، بە هاوکاری بەریتانیا و بە پاڵپشتی ئوسترالیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەندا بە سەرکەوتوویی هێرشمان کردە سەر حوسییەکان.
هاوکات ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا گوتى، هێرشەکە پێویست بوو، ئامانجمان سنوورادارکردنى توانا سەربازییەکانى حوسییەکانە.
داواش لە حوسییەکان دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر دەریاى سوور رابگرن و هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بنێن.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى هێرشەکە بە مافى خۆیان دەزانن و بەرەى حوسییەکان و ئێران بە پێشێلکردنى سەروەرى یەمەنى دەزانن.
لە راگەیەندراوى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا هاتووە، هێرشی سەر حوسییەکان بەگوێرەی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامدراوە و درێغی ناکەین لە پاراستنی جوڵەی بازرگانی لە دەریای سوور، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوییەکانی ئاوی جیهان.
حزبوڵڵای لوبنان، هێرشکانى ئیدانەکرد و بە دەستدرێژی ئاشکرای ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن و ئاسایش و سەروەری وڵاتەکە وەسفى دەکات.
هاوکات وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حوسییەکان پێشێلکردنی سەروەری یەمەنە. دەبێت واشنتن بەرپرسیارێتى لێکەوتەکانى بەئامانجگرتنى یەمەن لە ئەسەتۆ بگرێت.
وەزارەتەکە داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات بەرپرسیارانە مامەڵە بکات بۆ رێگرى لە شەڕى ناوچەکە.
بەگوێرە ئاژانسی هەواڵى فرانس پرێس لە دواى هێرشەکە، دەنگى ئامبوڵانس لەو ناوچەیە بیستراوە، کە هێرشەکەى کراوەتەسەر، بەڵام هێشتا وردەکارى زیانەکان رانەگەیەندراوە.
ئامانجى هێرشەکان راگرتنى هێرشى سەر دەریای سوورە، بەڵام حوسییەکان بە بێ پاساو وەسفى دەکەن و سوێندى بەردەوامبوونى هێرش بۆ سەرئەو کەشتیانە دەخۆن، کە بە گوتەى ئەوان پەیوەندى بە ئیسرائیلەوە هەیە.