زووم:
هاوپەیمانیی عەزمی سووننەکان بە سەرۆکایەتیی مووسەننا سامەڕائی، پشتیووانی لە بۆ مەحمود مەشهەدانی دەکات، بۆئەوەى بە سەرۆکی تازەى پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت.
نوسینگەی راگەیاندنى هاوپەیمانیی عەزم بڵاویکردەوە، هاوپەیمانییەکە بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی و ئامادەبوونی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی پێشهاتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامداوە.
مەشهەدانی لێوان لێوە لە ئەزموونی سیاسیی و پەرلەمانیی
هاوپەیمانیی عەزمی لە کۆبوونەوەکەیدا، پشتیووانی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی راگەیاند، تاکو رۆژی شەممەی داهاتوو وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵببژێردرێت، لەو بارەیەوە ئاماژەیان بەوەکرد، مەشهەدانی لێوان لێوە لە ئەزموونی سیاسیی و پەرلەمانیی.
هاوپەیمانیی عەزم یەکێکە لە هاوپەیمانییە دیارەکانی سووننەکان و بەشدارە لە کابینەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی و لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، خاوەنی 15 کورسییە.