زووم:
هێزی دەریایی ئێران، دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکای لە کەنداوی عومان راگەیاند، کەشتییەکە نەوتی عێراقی تێدابووە و لە بەسرەوە بەنیاز بووە بەرەو تورکیا بڕوات.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هێزە دەریاییەکانی ئێران لە ئاوەکانی کەنداوی عومان، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکیدا گرتووە، کە ئەو کەشتییە هی ئێران بووە و ساڵی رابردوو لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە و ناوەکەی گۆڕاوە.
هاوکات کۆمپانیای ئەمبرێی بەریتانی بۆ ئاسایشی ئاویی بڵاویکردەوە، کەشتییەکە ناوی سانت نیکۆلاسە و بڕی 145 هەزار تۆن نەوتی لە بەندەری بەسرەوە بارکردووە و بە نیاز بووە لە رێگەی کەنداوی سوێسەوە بگاتە تورکیا.
کۆمپانیاکە راشیگەیاند، رۆژی پێنجشەممە کەشتییەکە لە دووریی 50 میل لە سنوورەکانی عومان لەلایەن چوار بۆ پێنج چەکدارەوە دەستی بەسەردا گیراوە، کە پێشتر ئەو کەشتییە تۆمەتبار بووە بە گواستنەوەی نەوتی قاچاغی ئێرانی و لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە.