زووم..
گۆڕاوێکی نوێی کۆرۆنا لە ئەمریکا دەرکەوتووە، ناوی (جەی ئێن 1)ــە و لە وڵاتانی تریش راپۆرتی لەبارەوە دراوە. نیشانەکانی ئەم گۆڕاوە نوێیە بریتیە لە لەرز، لوتگیران، بوونی ئازاری توند لە قوڕگ و ماسولکەکاندا، بەڵام سەرئێشەی کەم.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەم پەتا نوێیە ئەوە دەهێنێت بە گرنگییەوە لێی بڕوانرێت، لەبەرئەوەی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە.
دەزگای تەندروستیی ئەمریکا دەڵێت، رێژەی 62٪ی هەموو ئەو نەخۆشییانەی کە تا رۆژی 5ی ئەم مانگە لە ئەمریکا تۆمارکراون، لەو گۆڕاوە نوێیە بوون.
مانگی ئەیلوولی رابردوو، بۆ یەکەم جار ئەم گۆڕاوە نوێیە لە ئەمریکا دۆزرایەوە، ئەوکات گوترا مەترسی بۆسەر تەندروستیی گشتی دروست ناکات، بەڵام ئێستا ناوەندی ئەمریکا بۆ تۆماری مردن دەڵێت، دەرکەوتنی گۆڕاوە نوێکە بە رێژەی 15٪ تێکڕای مردنی بەرزکردۆتەوە.
لە پاش ئەمریکا، لەم وەرزی سەرمایەدا میسر و کوەیتیش تۆمارکردنی توشبوونیان بە گۆڕاوە نوێکە راگەیاند.
کۆرۆنا دیارترین پەتای سەردەمە و لە رۆژی 1ی کانوونی یەکەمی 2019 لە هەرێمی ووهان لە چین بۆ یەکەمجار تۆمارکرا، بەڵام ئەوکات وەکو کۆرۆنا و پەتایەکی گواستراوە نەناسێنرابوو.
دواتر و لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2020 وەکو پەتایەکی گواستراوە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە مامەڵەی لەگەڵدا کرا، لەسەر ئاستی جیهان جموجوڵ و هاتوچۆ وەستێندرا، سنوورەکان داخران، کارگەکان بەرهەمهێنانیان راگرت، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە و کەشتی و شەمەندەفەر راگیران، مەبەستەکە ئەوەبوو رێگری لە تەشەنەسەندنی پەتاکە بکرێت.
پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بڵاوبونەوەی پەتاکەدا، راگەیەندرا چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوە و لە رۆژی 11ی کانوونی یەکەمی 2020دا بۆ یەکەم جار ڤاکسینی فایزەر خرایە بازاڕەوە، دواتر ڤاکسینی دیکەی بەدوادا هات، لەوکاتەوە تائێستا نزیکەی 13 ملیار و 618 ملیۆن جار ڤاکسین لە مرۆڤەکان دراوە
ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای گۆڕینی خۆی هەیە، دەتوانێت ئاڵوگۆڕ لە ژمارەی پرۆتینەکانیدا بکات و جۆری جیاواز بەرهەم بهێنێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڤاکسینەکان، بۆیە هەر لەو ڤایرۆسەوە چەندین گۆڕاوی دیکە پەیدابوون، لەوانە، زیتا، ئیتا، سێتا، ئیۆتا و کاپا.
بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تا کۆتایی 2023 لە هەموو دنیادا زیاتر لە 772 ملیۆن و 838 هەزار توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە نزیکی 7 ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە.