زووم..
لە 11ی تەمووزی ساڵی رابردوو و رۆژی جیهانیی دانیشتواندا، وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق گه‌شه‌ی دانیشتوانی وڵاتەکەی روونكرده‌وه، رایگەیاند، ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق 43 ملیۆن كه‌سی تێپه‌راند.
عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی به‌رێژه‌یه‌كی زۆر ژماره‌ی دانیشتوانەکەی گه‌شه ده‌كات، ساڵانە دەگاتە 3.1%، واتا ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هه‌زار کەس زیاد دەکات، ئه‌گه‌ر ئەم گەشەی دانیشتوانە به‌رده‌وام بێت، هەر 23 ساڵ جارێک دانیشتوانی عێراق دەبێتە دوو ئەوەندە، واتا 23 ساڵی دیکە دەبێتە 86 ملیۆن كه‌س.
ئه‌گه‌رچی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، ئەوکات له به‌یاننامه‌كه‌یدا پێداگیری له‌وه ده‌كات زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان مانای زیادبوونی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و تواناكان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام دەکرێت ئه‌م خێراییه له زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان وڵاتەکە دووچاری كێشه و گرفتی جیاواز بكاته‌وه.
له عێراقدا كێشه‌ی نیشته‌جێبوون یه‌كێكه له كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی نیشتەجێکردن، لەئێستادا عێراق پێویستی بە سێ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونە، پێویستییەکە ساڵانە دەگاتە 150 هەزار یەکە.
بەڵام وه‌زاره‌تی پلاندانان دەڵێت پێویستییەکە دەگاتە چوار ملیۆن یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون، ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆرە و به ئاسانی دابیننابێت، هه‌رچی رۆڵی كه‌رتی تایبه‌ته له چاره‌سه‌ركردنی پرسی نیشته‌جێبووندا رۆڵێكی لاوازه و نه‌یتوانیوه ده‌رگای چاره‌سه‌ر بكاته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه عێراق دووچاری گرفتی كه‌مئاوی بۆته‌وه، بەگوێرەی راپۆرتێکی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، زیاتر له پێنج ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی به‌هۆی كه‌مئاوی و مه‌ترسیی به‌بیابانبوونه‌وه ناوچه‌كانی خۆیان جێهێشتووه، زیادبوونی دانیشتوانیش كێشه‌ی كه‌مئاوی زیاتر ده‌كات.
ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بوونی كێشه‌ی كاره‌با وه‌ك كێشه‌یه‌كی دریژخایه‌ن و چاره‌سه‌رنه‌كراو له عێراق، کە دەکرێت زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بۆ 86 ملیۆن كه‌س له 23 ساڵی داهاتوودا، ببێتە هۆی زیاتربوونی خواستی بەکارهێنانی کارەبا.
بۆیە ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان، پلانی گونجاو بۆ چارەسه‌ری كێشه‌كان له‌ئارادا نه‌بن، تێكرای كێشه‌كانی نیشته‌جێبوون، كه‌مئاوی و نه‌بوونی كاره‌با قوڵتر دەکاتەوە.