زووم..
رۆژنامەی پۆلیتیکۆ بەڵگەیەکی ئەمریکیی دەستکەوتووە، دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت گفتوگۆ لەبارەی هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیدا بکات، ئەگەرچی بەئاشکرا رایگەیاندووە کار لەسەر چوونەدەرەوەیان دەکات.
سەرەڕای ئاشکراکردنی بەڵگەکە، رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت، چەند راوێژکارێکی سودانی بە بەرپرسە ئەمریکییەکانیان گوتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ راگرتنی دڵی خەڵک گوتوویەتی ئەمریکا دەردەکات، ئەگەرنا، خۆی دەیەوێت کار لەسەر هێشتنەوەی هاوپەیمانان لە عێراقدا بکات.
ئەو بەڵگەیەی رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە، تایبەتە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ئەمە لەکاتێکدا دوێنێ محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی غەزەوە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان پشێوی بۆ عێراق دروستدەکات.
ئەمریکاش زیاتر لە جارێک دووپاتیکردووەتەوە، پلانی کشانەوەیان لە عێراق نییە و حکومەتی عێراقیش هیچ داوایەکی لەوشێوەیەی ئاراستە نەکردوون.
دوای بۆردومانێکی ئەمریکا بۆسەر بارەگایەکی بزووتنەوەی نوجەبا و کوشتنی یەکێک لە فەرماندەکانی، داواکاریی گروپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی زیاتر بوو بۆ چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، دەشیانەوێت لە پەرلەمانی عێراقەوە کار بۆ دەرکردنی یاسایەک لەو بارەیەوە بکەن.