زووم..
ئەمڕۆ و سبەینێ، ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لەمێژووی دامەزراندنیەوە، دەبرێتە دادگای لاهای و تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆسایدی رووبەڕوو دەکرێتەوە.
سكاڵاکە لەلایەن باشووری ئەفریقاوە تۆمارکراوە، تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان لە غەزە، خراوەتە پاڵ تەلئەبیب.
لە سکاڵاکەیدا، ئەفریقای باشوور داوا لە دادگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ ئەوەی چیتر ئیسرائیل زیان بە خەڵکی فەلەستین نەگەیەنێت و پێشێلکاریی بەرامبەر بە مافەکانیان نەکات.
ئەفریقای باشوور داواشیکردووە ئیسرائیل دەستبەجێ هێرشەکانی راگرێت.
بڕیارە دادگاییکردنەکە بەشێوەی پەخشی راستەوخۆ بەڕێوەبچێت و سەدان رۆژنامەنووس و میدیای جیهانی تیایدا ئامادەبن.
هەرچەندە ئیسرائیل تۆمەتەکەی بە “دڕندانە و بێ بنەما” وەسفکردووە، دەکرێت دۆسێکە چەندین دەرهاویشتەی جدی هەبێت لەبارەی ناوبانگی ئیسرائیل و چەندین پێشینەی یاسایی بۆ ئەو وڵاتە دروستبکات.
دەستەواژەی “جینۆساید” لە رێکەوتننامەی تایبەت بە رێگری لەو تاوانانە کە ساڵی 1948 واژۆکرا، بەو کردەوانە پێناسەکراوە کە بەمەبەستی لەناوبردن، لە دژی نەتەوە، خەڵکی رەسەن، رەگەز یان ئاینی جیاواز ئەنجام بدرێت، ئەو تاوانانەش، کوشتن، یان ئازاردانی جەستەیی و دەروونی بێت، یان ئەو رێکارانەی کە رێگریی لە لەدایکبوون دەگرن و منداڵان لە گرووپێکەوە بۆ گرووپێکی دیکە بە زۆرەملێ بگوازرێنەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، تاوانی جینۆساید بە دەگمەن لە دادگاکەدا سەلمێنراوە، چونکە هیچ ئاستێک بۆ دیاریکردنی ئەو کارانە دیارینەکراوە کە بەهۆیانەوە بڕیار لە بەجینۆسایدناساندن بدرێت.
هەرچەندە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی دادگاییکردنەکە چەند ساڵێک بخایەنێت، دەکرێت دادگاکە چەند رێکارێکی بەپەلە رابگەیەنێت، لەوانە، دەکرێت داوا لە ئیسرائیل بکات ئۆپەراسیۆنی سەبازیی لە غەزە رابگرێت، ئەم بڕیارەش جێبەجێکردنەکەی چەند هەفتەیەکی پێویستە، بەڵام دەکرێت هاوشێوەی روسیا، کە لەساڵی 2022 داوای دادگاکەی بۆ راگرتنی شەڕ لە دژی ئۆکراین رەتکردەوە، ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە داوایەکی لەو شێوەیە رەتبکاتەوە.