زووم..
لە راپۆرتێکى تازەیDW ى تورکی، ئاماژە بە حەوت کێشەى سەرەکیى ئیستەنبوڵ کراوە، بەشێک لەو کێشانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەى ئاک پارتى گەورە شارەوانیی شارەکەی بەدەستەوە بووە و لەماوەى پێنج ساڵى دەسەڵاتى جەهەپەشدا نەتوانراوە چارەسەرى بنەڕەتى بۆ بدۆزرێتەوە.
سەرەکیترین کێشەی ئیستەنبوڵ ئەوەیە لەسەر هێڵى بومەلەرزەیە و لە رابردوودا بەوهۆیەوە قوربانیی زۆرى هەبووە، تائێستاش مەترسیى بومەلەرزەى لەسەرە.
بەگوێرەى راپۆرتەکەی DW ى تورکی یەک ملیۆن و 300 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لەو شارە لەژێر مەترسیی بومەلەرزە و رووخاندایە.
قەرەباڵغیی شەقام و کێشەى ترافیک یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی ئیستەنبوڵ، بەگوێرەی راپۆرتەکە هەر شۆفێرێک لە ساڵێکدا 15 رۆژ لە تەمەنى لە ترافیکى شەقامەکاندا بەسەردەبات.
کەمیی رێژەى سەوزایی کێشەیەکی دیکەی ئەستەنبوڵە ، کەمبوونەوەى رێژەى سەوزایی لە ئیستەنبوڵ بەهۆى دروستکردنى باڵەخانە و یەکەى نیشتەجێبوونەوە بۆتە باسێکى گرنگ، بەگوێرەى ئامارى دیدارى کەلتووریی شارەکانى جیهان لەساڵى 2023، لە 34 شارى جیهانى لە رووى رێژەى سەوزاییەوە، ئۆسلۆ بە پلەى یەکەم دێت بە رێژەى 64% و کەمترین رێژەى سەوزایی بە رێژەى 2.2% لە ئیستەنبوڵ بووە.
کێشەى بێئاوی و کەمکردنى ئاستى ئاو لە بەنداوەکانى سنوورى ئەو شارە، گرفتێکی دیکەی ئیستەنبوڵە و لەم ساڵانەى دواییدا سەریهەڵداوە.
هەروەها دیاردەى کۆچکردن لە شارەکانی دیکەى تورکیاوە بۆ ئیستەنبوڵ و زۆریى رێژەى پەنابەر، هەرچەندە دیاردەیەکى نوێ نییە، بەڵام لەم ساڵانەى دواییدا بەشێوەیەکى بەرچاو رێژەکە زیادیکردووە.
راپۆرتەکەی DW ى تورکی دەشڵێت، دوو گرفتی دیکەی ئیستەنبوڵ، نەبوونى پلانى تۆکمە بۆ رێکخستنەوەى شارەکە و تەواونەکردنى پڕۆژەى بەستنەوەى هێڵى میترۆى ناو شارەکە، هەروەها تەواونەکردنی پڕۆژە گەورەکانی وەک گەرووى ئیستەنبوڵن، کە تائێستا چارەسەر نەکراون و بوونەتە گرفت
ئیستەنبوڵ گەورەترین شارى تورکیایە، ئامارى فەرمیی دانیشتوانەکەی لە ساڵى 2023، زیاترە لە 15 ملیۆن و 900 هەزار کەس، ئەمەش دەکاتە 18.6%ی کۆی دانیشتوانی تورکیا.
لە رووى گەشتییارییەوە بەگرنگترین شاری وڵاتەکە دادەنرێت، بە گوێرەى ئامارى وەزارەتى کەلتوور و گەشتیاریی تورکیا، لە ساڵى 2023دا زیاتر لە 16 ملیۆن و 51 هەزار گەشتیار لەسەرتاسەرى جیهانەوە سەردانى ئیستەنبوڵیان کردووە.