زووم:
بڕیاربوو ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو، ئاژانسی بۆشایی ئاسمان “ناسا”، گەشتەکانی “ئارتیمیس دوو” بۆ سووڕانەوە بە دەوری مانگ و “ئارتیمیس سێ” بۆ نیشتنەوەی لەسەری بەڕێبخات، بەڵام بەھۆی پێشھاتێکی تازەوە، هەردوو گەشتەکە یەکی ساڵێک دواخران، واتا دووبارە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆسەر مانگ، دوو ساڵی دیکەی دەوێت.
وەک ناسا دەڵێت، ئەگەر کێشەی ھونەری نەبووایە، ساڵی 2025 بۆیەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتی دەمانبینی، کەشتیوانێکی مێینە و یەکێکی دیکەی رەشپێست پێیان دەنایە سەر مانگ، واتە قۆرخکردنی چوونە سەرمانگ لەلایەن پیاوانی سپیپێستەوە کۆتایی دەھات، بەڵام بەھۆی ئەو کێشە ھونەرییەی بۆ ناسا ھاتووەتە پێش، گەشتەکە بۆ 2026 دواخرا.
ئەم بڕیارەی ناسا تەنھا دوای کاتژمێرێک دێت لە دەستبەرداربوونی کۆمپانیای پیتسبێرگ لە نیشتنەوەی کەشتییە ئاسمانییەکەی لەسەر مانگ، کە بەھۆی دزەپێکردنی سوتەمەنییەوە کۆتایی بە گەشتەکەی ھێنا.
گەشتی “ئارتیمیس یەک” کە ھیچ کەشتیوانێکی لەخۆنەگرتبوو، لە 16ی تشرینی دووەمی 2023 لە بنکەی “کەنەدی”یەوە بۆ بۆشایی ئاسمان ھەڵدرا و ئەرکەکەی لە ماوەی 22 رۆژدا تەواوکرد و گەڕایەوە سەر زەوی.
بەڵام “ئارتیمیس دوو”، کە بڕیارە بەھەمانشێوە بە دەوری مانگدا بخولێتەوە و لە ماوەی 10 رۆژدا دەگەڕێتەوە سەر زەوی، ئەم گەشتە ئامادەکاری دەکات بۆ “ئارتیمیس سێ”، کە بڕیارە لە بەشی باشووری مانگ، ئەو شوێنەی بەستەڵەکی لێیە، بنیشێتەوە.
ساڵی 1972 لە چوارچێوەی گەشتی “ئەپۆلۆ”، 12 پیاوی سپیپێست ھەلی ئەوەیان ھەبوو لەسەر ڕووی مانگ بنیشنەوە، بەڵام لە گەشتی چاوەڕانکراوی “ئارتیمیس سێ”، بۆ یەکەمجار ژنێک و رەشپێستێک دەچنە سەر مانگ.
ئەم گەشتانەی ناسا لەچوارچێوەی ھەوڵەکانیەتی بۆ ناردنی بەکۆمەڵی مرۆڤ بۆسەر مانگ، پێشئەوەی لە ساڵی 2030، خەونی گەیشتن بە مەریخ بەدیبھێنێت.