زووم:
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە بەرەوپێشچوونەکان دەکەن بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای بودجە و داواشی لە بەغداد کرد مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و راشیگەیاند، پێشوازی لە تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان دەکەن بە ئاراستەی هەمووارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاساکە کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە مووچەی دواکەوتووی مووچەخۆرانی هەرێمیش، حکومەتی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدڕاڵ ئەوەیە کە بۆ ئەم مانگەش، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
هەروەها رایگەیاند، بە ئەرێنییەوە دەڕواننە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە ناو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ.