زووم:
ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایار بە تەنزەوە بە شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دەگوت مێزی شەش قۆڵی هەڵدەوەشێتەوە، ئێستا قسەی خەریکە دێتەدی و رۆژ لە دوای رۆژ لێکدوور دەکەونەوە.
لە دیاترین پارتەکانی هاوپەیمانیی گەلی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە، هەدەپە و ئی پارتی بوو، ئێستا ئەم سێ پارتە ناکۆکن، ئاماژەی نزیکبوونەوەشیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەئارادا نییە، کە مانگی ئازار هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت.
جەهەپە و هەدەپە پێشتر تاڕادەیەکی زۆر بۆچوونیان لێکنزیک بوون، ئێستا ئەمە پێچەوانەبووەتەوە، رۆژنانەی سۆزجوی سەر بە جەهەپە بە شێوازێک لەسەر هەدەپە، کە ئێستا دەم پارتییە نووسویەتی پێشتر بەو شێوە قەڵەمی نەخستووتە سەر کاغەز.
رۆژنامەکە وێنەیەکی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لەگەڵ یەپەگە بڵاوکردووەتەوە و بە مانشێت نوسیویەتی، سهیری ئهو نهخشهیه بكه، كه لهو هۆڵهدا ههڵواسراوه، تێیدا ئهمریكا مهشق به “ناپاكهكان” دهكات.
لە وێنەکەدا نەخشەیەک دەبینرێت، کە شاری هەتای باکووری کوردستان وەک بەشێک لە رۆژاڤا، دەبینرێت، رۆژنامەکەی جەهەپە نوسیویەتی، هەتایان خستووهته سهر سووریا بۆ ئهوهی بیدهن به “تیرۆریستان”، کە مەبەستی هێزەکانی رۆژاڤایە.
جەهەپە پێشتر پەکەکەی وەک تیرۆریست ناساندووە، بەڵام هێرشی میدیایی بەمشێوەی ئێستای دژ بە ئەوان و یەپەگە بەکارنەهێناوە.
لە هەڵبژاردنی 2019 هەدەپە دەنگیدا بە ئەکرەم ئیمامئۆغلو، کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و سەرکەوت، بەڵام ئاماژەکانی ئێستا بۆ ئەوەنین ئەو دۆخە بە دڵی ئیمامئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی مانگی ئازار دووبارە ببێتەوە.
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی دەڵێتن کە لە کۆتایی رۆژەکانی هەڵبژاردنی مانگی ئایاردا نزیک لە جیابوونەوەبوو لە هاوپەیمانی گەل، بە روونی دەڵێت، ناچار نین چی دیکە پشتیوانی لە کاندیدەکانی جەهەپە بکەین.
ئیمامئۆغڵو ترسی لە سەرنەکەوتنی ناشارێتەوە، بەر لە چەند رۆژێک گوتی، هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەستەم دەبێت، لەبەرئەوەی هەڵوێستی پارتە سیاسییەکان گۆڕاوە و پشتیوانی لە کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ناکەن.
پێدەچێت هەوڵی نزیکبوونەوەی دوور لە چاوی میدیاکانی ئاک پارتی و دەم پارتی جەهەپە زیاتر توڕە بکات، غالیب ئەنسەریئۆغڵو، پارلەمانتاری ئاک پارتی لە بازنەی ئامەد دەڵێت، دیدارمان لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی هەیە.
ئەو دەڵێت، لە رابردوودا پشتیوانی کورد بۆ جەهەپە سیاسەتێکی راست نەبووە، بەوەی جەهەپە باوک و دایکی پرسی کوردە، لەئەنجامی سیاسەتەکانی رابردووی جەهەپە پرسی کورد سەریهەڵداوە.
دەم پارتی، هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە پشتیوانی لە کام کاندید دەکات، بەڵام شرۆکارانی دۆخی تورکیا دەنگی کورد بە کلیلی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی شاروانییەکان دەزانن، بەتایبەتی ئەستنەبوڵی دڵی سیاسەتی تورکیا.