زووم..
رۆژنامەی “واشنتن پۆست”ی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی سەردانەکەی ئەمدواییەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ ئیسرائیل بڵاوکردووتەوە، دوو ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵاتەکەی ئاشکراکردووە لەبارەی داهاتووی غەزەوە.
ئەو دوو ناکۆکییەی رۆژنامە ئەمریکییەکە باسیکردوون و لەنێوان واشنتن و تەلئەبیب هەن، بریتین لە رادەستکردنی داهاتی غەزە و کاتی گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی.
بەگوێرەی رۆژنامەکە هەردوو وڵات بۆچوونی دژ و پێچەوانەیان هەیە لەبارەی کاتی گەڕانەوەی فەڵەستینییەکان بۆ کەرتی غەزە، بەڵام وردەکاریی دیکەی نەخستووەتە روو لەبارەی بۆچوونی هەردوو وڵات.
جیاوازیی دووەمیش لەبارەی گەڕانەوەی داهاتەکانی باجی غەزەیە، کە ئیسرائیل خۆی کۆیدەکاتەوە.
لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئیسرائیلییەکانی گوتووە، “ئەوە داهاتی فەڵەستینییەکانە و پێویستە بگەڕێتەوە بۆ خۆیان”، لەبەرامبەردا بیزاڵیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل، رایگەیاندووە، تاوەکو ئەو لە پۆستەکەیدا بێت، هیچ بڕەپارەیەکی باج رەوانەی دەسەڵاتی فەڵەستینی ناکات.
بەگوێرەی رێککەوتنامەی “ئۆسڵۆ” کە بەنێوبژیوانیی ئەمریکا لەساڵی 1993 واژۆکرا، وەزارەتی دارایی ئیسرائیل، لەبری فەڵەستینییەکان باج کۆدەکاتەوە و دواتر رادەستی دەسەڵاتی فەڵەستینی دەکات، بەڵام لەدوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەر، حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، داهاتی باج رەوانەی دەسەڵاتی فەڵەستینی دەکات، بەڵام ئەو بڕەی لێدەبڕێت کە پشکی کەرتی غەزەیە.
هەر ئەوکات دەسەڵاتی فەڵەستینی بەدەستگەیشتنی بەشێک لە داهاتەکانی رەتکردەوە، سووربوو لەسەر ئەوەی ئیسرائیل تەواوی داهاتەکان رادەستی دەسەڵاتی فەلەستینی بکات، بە داهاتی کەرتی غەزەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل بۆ پێشکەشکردنی پلانێک بووە لەبارەی چارەنووس و ئایندەی غەزە لەسەر بنەمای وتووێژەکانی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی، بەڵام بە گوتەی رۆژنامەکە، بلینکن هیچ وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنیی لە بەرپرسانی ئیسرائیل وەرنەگرتووە.