زووم:
47 وڵات هاودەنگی داخوازییەکى ئەمریکان بۆ تۆمەتبارکردنی کۆریای باکوور بە دابینکردنی موشەک بۆ رووسیا، خوازیاریشن دەستبەجێ ئەم هاوکاریکردنە بوەستێت.
ئیدارەی کۆشکى سپی، کۆریای باکووری بەوە تۆمەتبارکرد موشەکى بۆ مۆسکۆ ناردووە و لە جەنگی دژ بە ئۆکرانین بەکاریهێناون.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆزێب بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و وەزیرانی دەرەوەی ٤٧ وڵات، لە راگەیەنراوێکدا پشتیوانی و هاوکارییەکانی کۆریای باکووریان بۆ رووسیا ئیدانە کرد.
لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەیاندا هاتووە، دابینکردنی ئەم چەکانە ئازارەکانی گەلی ئۆکرانین زیاتر دەکات و شەڕانگێزیی رووسیا دووپاتدەکاتەوە، ئەو رێککەوتنە جیهانییانەش تێکدەدات کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک کراون.
ئەو وڵاتانە دەڵێن، “تێناگەین، لەلایەک رووسیا ئەندامى هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە و هاوڕای سەپاندنى سزایە بەسەر کۆریای باکووردا، لەلایەکى دیکەشەوە موشەکى لێوەردەگرێت”، داواشدەکەن بزانن کە روسیا بەرامبەر دابینکردنى ئەو موشەکانە، چی بە کۆریای باکوور دەبەخشێت.