زووم:
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە، گفتوگۆ لەبارەى ئەنجامى سەردانى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد دەکات، تایبەت بە پرسی مووچە و بودجە.
فەرمانگەى میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران بەسەرپەرشتى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکە، کە فەرمانگەى میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنى وەزیران گفتوگۆ لەبارەى دوو بڕگە دەکات، بڕگەى یەکەم تایبەتە بە ئەنجامى سەردانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد، لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، هەموارکردنەوەى یاساى بودجەى فیدراڵى و دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
شەوى شەممە، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابووری سەردانى بەغدادى کرد، شاندەکە گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەى ناوەرۆکى سەردانەکە رانەگەیاندووە.
بەگوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیران، بڕگەى دووەمى کۆبوونەوەکە تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران بۆ لابردنى زیادەڕۆیی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان.